"له‌گه‌ڵ توركیا بۆچوونمان له‌سه‌ر ریفراندۆم هاوبه‌شه‌"

له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا باسی بڕیاری ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

لیوا محه‌مه‌د حسێن باقری، سوپاسالاری گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران رایگه‌یاند "بۆچوونی ئێران و توركیا ده‌رباره‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هاوبه‌شه‌".

پاش دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا و گه‌وره‌ به‌رپرسانی سه‌ربازی و ئه‌منی ئه‌و وڵاته‌، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی "ئیرنا" سوپاسالاری گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران گوتوویه‌تی "له‌ دیداره‌كاندا باسی پرسه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌كانمان كردووه‌و یه‌كێك له‌و پرسانه‌ش بڕیاری هه‌رێمی كوردستان بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ مانگی داهاتوو ئه‌نجامی ده‌ده‌ن".

محه‌مه‌د حسێن باقری به‌ ئاژانسه‌ ئێرانییه‌كه‌ی گوتووه‌ "هه‌ر دوو لایه‌نی ئێرانی و توركی، ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌و رایانگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ریفراندۆمه‌ ئه‌نجام بدرێت، ده‌بێته‌ هۆی درووستبوونی گرژی و ململانێ له‌ ناو عێراقدا و ده‌رهاوێشته‌كانیشی كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ ده‌بێت".