كورد عەبادی دەداتە دادگا

ھەڵمەتەكە دەستی پێكردووە

K24 - سلێمانی

سکاڵای یاسایی لەسەر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار دەکرێت و رەنگە ببرێتە داداگای نێودەوڵەتیش، تا ئێستا چەند واژوویەك لەلایەن پەرلەمانتارانی کوردستان و عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆکراوەتەوە، پەرلەمانتارێكی كوردستان كە سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكات، ئەوە دەخاتەڕوو سەرۆك وەزیرانی عێراق یاری بە قووت و بژێوی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات و لێی قبووڵ ناکەن.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لەبەرامبەر پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، ھەڵمەتێكمان دەستپێكردووە، بۆ ئەوەی لەڕێی دادگای فیدرالی حكومەتی عێراق بدەین بە دادگا".

گوتیشی: "لە رێگەی چەند فەرمانبەرێكەوە سكاڵا تۆمار دەكەین، ئەگەر پێویستی كرد، جگە لە دادگای فیدرالی، لە دادگای نێودەوڵەتیش سكاڵا تۆمار دەكەین، ئێمە دەمانەوێت ئەم پرسە ببێتە پرسێكی نیشتمانی، پرسی مووچەی فەرمانبەران بووەتە یاری پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن".

لە کۆتایی ساڵی رابردوو حکومەت و پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دوو پلانیان بۆ بەرێکردنی دۆخی ئێستا دیاریکرد، یەکیان بریتی بوو لە ئەگەری ناردنی بودجە و مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام گومانەکان زیاتر بوون بۆ نەناردنی بودجە، پسپۆرێکی ئابووری پێشنیاز دەکات بۆ دەسکەوتنی داھاتی ناوخۆیی تەنھا پشت بە نەوت نەبەستێت.

ئارام قادر کۆکۆیی، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: "بە پلانی كورت خایەن قەیرانی ئابووری تەنھا بۆ كاتێكی كەمی دیاریكراو چارەدەكرێت،  بەڵام بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، پێویستە حكومەتی ھەرێم بیر لە پلانێكی درێژخایەن بكاتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە، تائێستا دوو خوێندنەوە بۆ پرۆە یاسای بودجەی ساڵی 2018 عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام داواکارییەکان و پشکی ھەرێمی کوردستان لەو بودجەیە زیاد نەکراوە، دوای ھاتنی چەندین لیژنە لە بەغداوە بۆ شارەكانی ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران، تا ئێستا عەبادی رەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھیچ وەزارەتێك دەرنەبڕیووە.