بە ڤیدیۆ... فەرماندەكانی پێشمەرگە وردەكاری شەڕی دووزخورماتوو دەگێڕنەوە

"چەكدارانی داعش چەندین تەرمیان بەدوای خۆیاندا راكێشا"
kurdistan24.net

K24 - خورماتوو

شەوی رابردوو ھێزی پێشمەرگە لە دووزخورماتوو، شكستی بە ھێرشێكی داعش ھێنا، ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە كە بەشداری شەڕەكە بوون، ساتەوەختی شەڕەكە بۆ كوردستان24 دەگێڕنەوە.

عەمید سەعید باویانی فەرماندەی فەوجی سێی لیوای 116 سۆران بە كوردستان24 گوت: "كاتژمێر 11:20 خولەكی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە چوار قۆڵەوە ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، زیاتر لە دوو كاتژمێر شەڕ بەردەوام بوو، توانرا شكست بە ھێرشەكەی داعش بێنین، ھەروەھا چەندین تەرمی چەكدارانیان بەدوای خۆیاندا راكێشا، خۆشبەختانە پێشمەرگە ھیچ شەھیدێكی نییە و تەنھا چەند پێشمەرگەیەك بە سوكی برینداربوون".

ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە بەردەوام بوونی ھێرشەكانی داعشی لەو سنوورە بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە تا ئێستا حەویجە و ریاز لە ژێر دەستی داعش دایە و ئەوانەی لە مووسڵ شكستیان خواردووە لە مووسڵ كۆبوونەتەوە".

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەبدوڵڵا بۆر بەرپرسی میحوەری دووزخورماتوو رایگەیاند: "شەوی رابردوو ئاگاداركراینەوە كە داعش ھێرشی كردووەتەسەر لیوای 116 سۆران، ئێمەش ھەموو لیواكانی دیكەمان ئاگادار كردەوە، لە كاتی چوونمان بۆ شوێنی شەڕەكە بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلەكەمان تەقییەوە، پێشمەرگەیەك برینداربوو كە شوفێری ئۆتۆمبێلەكەی منی دەكرد، منیش تۆزێك برینداربووم، ھەر بۆ ئەوەش قسە دەكەم بۆ ئەوەی ھەموو لایەك ئاگاداربن كە تەندروستیم باشە، بۆ ئەوە ھاتبوومە نەخۆشخانە ھەواڵی تەندروستی پێشمەرگە بریندارەكان بپرسم و دەگەڕێمەوە سەنگەرەكان و لەگەڵ پێشمەرگە دەبم".