بەھۆی بەفربارین مەرزی كێلێ داخرا
K24 - رانیە
دوو رۆژە شەپۆلێكی بەفربارین ناوچە شاخاوییەكانی ھەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەوھۆیەوەش مەرزی كێلێ داخرا.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند: "بەھۆی بەفربارینی زۆر لە 24 كاتژمێری رابردوودا مەرزی کێلێ داخراوە و جموجۆڵە بازرگانیەکانی مەرزەکە وەستاون".
جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوبەری گومرگی راپەڕین لەوبارەیەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هێشتا بەفری پێشوو لە مەرزەکە نەتواوەتەوە بەفری دیکەشی بەسەردا باریووە، بەو هۆیەوە جموجۆڵە بازرگانیەکانی مەرزی کێلێ وەستاون و ئۆتۆمبێل ناتوانێ لە مەرزەکەوە هاتوچۆ بكەن".
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە هەوڵداین بۆ پاککردنەوەی رێگاکە و بەرنامەیان هەیە تاکو سبەی یەکشەممه رێگاکە پاکبکرێتەوە و جموجۆڵە بازرگانییەکان دەست پێبکەینەوە".
ھ.م