پڕۆژەی دانەوەی پاشەكەوت بە فەرمانبەران نوێ دەكرێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر كۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش، تاوتوێكردنی پڕۆژەی چەكی مووچەی فەرمانبەرانە، بۆ پێدانەوەی قەرزی خزمەتگوزاریی و پێشینەكان، كە پێشتر لە مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوت كراوە.
عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە كە لە ساڵی 2016 پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كراوە، تێیدا داوا كراوە ژمارەی بانكیی بۆ فەرمانبەران بكرێتەوە، ھەروەھا بڕە پاشەكەوتەكە بخرێتە سەر ژمارەی بانكییهكانیان. لە داھاتوویەكی نزیك پەرلەمان كۆدەبێتەوە و ئەو بڕیارەش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
گوتیشی: "ئێستا كە پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران ھەڵگیراوە، وەزارەتی دارایی بە نیازە قەرزەكانی حكوومەت لە ھاووڵاتییان وەربگرێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە ھەم حكوومەت قەرزی لای خەڵكە، ھەمیش فەرمانبەران قەرزیان لای حكوومەتە، بۆیە ئێمە پڕۆژەكەمان نوێ دەكەینەوە، بۆ ئەوەی یەكتربڕی بكرێت و ھاووڵاتییان سوود لەو پاشەكەوتە وەربگرن و لە بەرامبەر قەرزەكان بیدەنەوە".
عەلی رەشید، ئاشكراشی كرد: "بە گوێرەی زانیارییەكان، 33 مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوتی لێ كراوە و حكوومهت 7 مووچەی تەواو قەرزداری فەرمانبەرانە".
جەختیشی كردەوە: "ئەنجومەنی ھەرچوار پارێزگای ھەرێمی كوردستان كۆكن لەسەر ئەو پڕۆژەیە، كە ئاراستەی حكوومەت كراوە".
ھ.م