ئەڵمانیا کار بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە پەنابەران دەکات

ئیسپانیا و ئەڵمانیا لەسەر چەند پرسێک رێککەوتوون

K24 – هه‌ولێر:

ئیسپانیا و ئەڵمانیا رێگایەکی هاوبەش بۆ چارەسەکردنی کێشەی پەنابەران دەدۆزنەوە و هەردوولا لەسەر چۆنیەتی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان رێکدەکەون.

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی سپۆتنیک، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، ریكکەوتنی نێوان بەرلین و مەدریدی بە "ئەرێنی ناوبردوە" و دەشڵێت کە وڵاتەکەی هاوشێوەی ئیسپانیا لەگەڵ یۆنان بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران رێکدەکەوێت.

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ پێدرۆ سانشێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، مێرکڵ گووتی: "گشت وڵاتانی ئەوروپا دەبێت لەسەر سیستەمێکی یەکسان و پێشکەوتوو رێکبکەون تاکو ئەو پەنابەرانەی شیاوی مانەوە نین، بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێندرێنەوە".

سەبارەت بە دابەشکردنی پەنابەرانی ئەوروپا، مێرکڵ گووتی: "ئەوانەی رێگایان پێدەدرێت بمێننەوە، دەبێت بەسەر گشت وڵاتانی ئەوروپا دابەشبکرێن، بەڵام هێشتا لەسەر ئەمە نەگەشتووینەتە رێککەوتن".

لە ئێستادا ئەڵمانیا و ئیسپانیا لەسەر ئەوە رێککەوتوون، ئەگەر پەنابەرێک لە ئیسپانیا خۆی نانووسکردبێت بەڵام چوبێتەوە ئەڵمانیا و لەوێ مابێتەوە، ئەوا دەبێت لە ماوەی 48 کاتژمێر بۆ ئیسپانیا بگەڕێندرێتەوە.

هەروەها یەکێتی ئەوروپا کار لەسەر ئەوە دەکات لەگەڵ ئەو وڵاتانە رێکبکەوێت کە پەنابەرانیان لێوە دەچن بۆ ئەوروپا، تاکو هەم رێگری بکات لە هاتنی پەنابەران و هەمیش ئەوانەی ناتوانن مافی پەنابەرێتی وەربگرن، بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێندرێنەوە.

 H.J