رووسيا: 10 هه‌زار چه‌كدارى توندڕه‌و له ئه‌فغانستان بڵاوبوونه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ى ناوه‌نديى سه‌ربازى سوپاى رووسيا، ئه‌لكسه‌نده‌ر لابين، رايگه‌ياند، له ئه‌فغانستاندا 10 هه‌زار چه‌كدارى توندڕه‌و له جموجۆڵدان و زۆرينه‌شيان سه‌ر به داعشن.
لابين گوتى: به گوێره‌ى مه‌زنده‌ى ئێمه زۆرينه‌ى گرووپ و چه‌كداره تيرۆريسته‌كان له سه‌ر خاكى ئه‌فغانستاندا له جوڵه‌دان و زۆرينه‌شيان سه‌ر به داعشن.
روونيشيكرده‌وه، داعش ده‌ستبه‌ردارى ئامانجى راگه‌ياندنى ده‌سه‌ڵاتى خيلافه‌ته‌كه‌ى له كۆماره‌كانى ئاسياى ناوه‌ڕاست نه‌بووه.
هه‌روه‌ها گوتى: زياتر له پێنج هه‌زار له‌و چه‌كدارانه له ناوچه‌كانى باكوورى ئه‌فغانستان جێ‌گير بوونه.
سه‌رنجيشى بۆ ئه‌وه راكێشا، هه‌ريه‌ك له (بزووتنه‌وه‌ى توركستانى خۆرهه‌ڵاتى ئيسلامى، يه‌كێتى جيهادى ئيسلامى، حزبى ته‌حرير، سه‌له‌فى جيهادى، كۆمه‌ڵه‌ى ته‌بليغ) له كۆماره‌كانى ئاسياى ناوه‌ڕاست سه‌رقاڵى چالاكيين.
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم
ئ.ر