جەنگ ئەشكەوتەكانی كردووە بە ماڵ و قوتابخانەی منداڵانی عەفرین

"كچەكانم بە ترس كەوتوون"
kurdistan24.net

K24 - عەفرین

لە ترسی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەشێك لە خەڵکی عەفرین روویان لە ئەشکەوتەکان کردووە و تێدا خۆیان حەشارداوە، لەو ئەشكەوتانەش ژمارەی منداڵان لە گەورەكان زیاترە، ژمارەیەكیان كە تەمەنیان بچووكە نازانن بۆناگەڕێنەوە ماڵەكانیان، ھەندێكیشیان بیریان لای وانە و قوتابخانەیە.

ھاووڵاتیانی عەفرین، سەرەڕای ژیانی سەخت و شەھیدبوونی كەسوكاریان، خەمی منداڵەكانیانە كە لە قوتابخانە دابڕاون و لە ترسی بۆردوومان و تۆپباران ناوێرن لە دەرگای ئەشكەوتەكانیش یاری بكەن. ئەوان دەڵێن، بەهۆی بۆردوومانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا بهێنن.

ھاووڵاتییەكی عەفرین كە ئێستا لەگەڵ خێزانەكەی لە ئەشكەوت ژیان بەسەردەبات، بە كوردستان24 گوت: "ھەموومان لە ئەشكەوتەكان دەژین و بەھۆی بۆردوومانی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناتوانین بچینەوە ماڵەكانمان، چونكە بە ھەڕەمەكی بۆردوومان شار و گوندەكان بۆردوومان دەكەن".

زۆربەی ئەو كەسانەی لە ئەشكەوتەكانن ژن و منداڵن، كە بەشێكیان پیاوەكانیان لە بەرەی شەڕە، ژنێك لە یەكێك لە ئەشكەوتەكانی عەفرین بە چاوی گریانەوە چیرۆكی جێھێشتنی ماڵەكەی بۆ كوردستان24 دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "ئێمە لە ماڵی خۆمان بووین، بۆردوومانی چڕی توركیا دەستیپێكرد، ناو ئاوەدانی بۆردوومان دەكرا، لەكاتی ھەڵاتنمان كچەكانم زۆر ترسان و بە ترس كەوتن، ئێمە چیمان كردووە وامان لێدەكەن، ئەردۆغان چی لە ئێمە دەوێت".

ھ.م