له‌سه‌ر تویتێك له "MBC" راگیرا
K24- هه‌ولێر:
به‌هۆی نوسینی ته‌نیا تویتێك، كه توڕه‌یی سعودیای به‌دوای خۆیدا هێنا، عولا فارس كچه پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی "MBC" له‌كاره‌كه‌ی دوور خرایه‌وه.
دوای نووسینی تویتێك له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌لایه‌ن عولا فارسه‌وه، كه تێیدا گوتبووی "تره‌مپ له‌خۆیه‌وه كاتی راگه‌یاندنی ئۆرشه‌لیمی وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل هه‌ڵنه‌بژاردووه، به‌ڵكو دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئێمه له‌وه دڵنیا بووه‌وه كه عه‌ره‌ب ئه‌مشه‌و سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن، سبه‌ی گۆرانی ده‌ڵێن و پێنجشه‌ممه‌ش پێشوازی لێ ده‌كه‌ن"، گروپی "MBC" بڕیاری سڕكردنی ئه‌و پێشكه‌شكاره ئوردنیه‌ی له‌كاره‌كه‌یدا، به‌وه‌ی كه فارس به‌و نووسینه‌ی سعودیه‌ی نیگه‌ران كردووه، چونكه مه‌به‌ست له قسه‌كانی فارس ئه‌وه بوو، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ریاز تره‌مپ بڕیاریداوه وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل دان به ئۆرشه‌لیمدا بنێت.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ریازیش، سڕكردنی عولا فارس له‌كاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و تویته ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه تێیدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی نیگه‌ران كردووه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه‌ی عولا فارس له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و زۆرێك له چالاكوانه عه‌ره‌به‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان داوای لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌شكاره‌دا كردبوو.