ترهمپ: ههوڵهكانمان بۆ لەناوبردنی تیرۆر بەردەوام دەبن
K24 - ھەولێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی کۆتاییھاتنی یەکجاریی داعش دەكات و رایدەگەیەنێت "لە ھەوڵەکانمان بۆ لەناوبردنی ھەڕەشەکانی تیرۆر، بەردەوام دەبین".
لە راگەیەندراوێکدا، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێ: "بە دڵخۆشییەوە رایدەگەیهنم، کە پێکەوە لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی سووریای دیموکرات، 100%ی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتەکەی داعشمان ئازاد کرد".
لە راگەیەندراوەکەی ترەمپدا ھاتووە "لە دوو ساڵی رابردوودا، 20 ھەزار میل چوارگۆشە لە داعش پاک کراوەتەوە و ملیۆنان کەس لە خەڵکی عێراق و سووریا رزگار کراون".
ترەمپ دەشڵێت: "داعش دەیویست کوشتنی بە کۆمەڵ و دەستدرێژیی سێکسی سەر ژنان و بە کۆیلەکردنیان بە یاسایی بکات و پاساوی بۆ بدۆزێتەوە".
سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکیش بۆ ئەو گەنجانە دەنێرێ، کە باوەڕیان بە پڕوپاگەندەکانی داعش ھەیە و دەڵێ "ئەگەر ببنە داعش، دەمرن. بیر لەوە بکەنەوە و لەجیاتی ئەوە، بە باشی بژین".
ھەروەھا ترەمپ، پابەندبوونی خۆی بە کار و ھەماھەنگیی بەردەوامی وڵاتەکەی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی دووپات دەکاتەوە لە شەری دژ بە داعش و توندڕەوی.
دوای نزیكەی دوو مانگ، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی ناوەندی باغۆز لە 23/3/2019، ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) رزگاركردنی باغۆز و سەركەوتنی یەكجارەكیی بەسەر داعش راگەیاند.
ھ.م