ئەو کچەی به‌ جوانييه‌كه‌ى نازييه‌كانى سه‌رگه‌ردان كردبوو کۆچی دوایکرد

منداڵی جوولەکەکانی رزگار دەکرد و سەربازی نازییەکانی دەکوشت

K24 – هه‌ولێر:

ئەو کچە هۆڵندییەی، به‌ هۆى جوانييه‌كه‌يه‌وه‌ توانى چه‌ندين ئەندامی نازییەکان بكوژێت و منداڵه‌ جووه‌كان رزگار بكات، لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

فرێدی ئۆڤەرستیگێم، خاوەن روخسارێکی بێ گەرد و جوان بوو، بەهۆیەوە متمانەی ئەندامانی پارتی نازییەکانی ئەڵمانیا لە هۆڵەندا بۆخۆی دەستەبەر دەکرد، بەڵام پاش تێکەڵبوونی لەگەڵیان، بە شێوازی جیا دەیکوشتن.

فرێدی لە تەمەنی 14 ساڵیدا بووە ئەندامی رێکخراوی بەرگری هۆڵەندا (نێزەرلاندس)، لەگەڵ خوشکەکەی، تروس و هانی شافتی هاورێیان، چەندین چالاکی وەک تەقاندنەوەی پرد و رێڕەوی سوپای نازییەکان، دەربازکردنی منداڵانی جوولەکە لە ئۆردوگاکانی مەرگ و کوشتنی ئەفسەرە نازییەکانیان ئەنجامدا. بۆ زۆربەی چالاکییەکانیش، فرێدی سەبەتەی پایسکیلەکەی بۆ شاردنەوەی تەقەمەنییەکانی بەکاردەهێنا.

فرێدی و هاوڕێکانی، دەچوونە باڕەکان و خۆیان لە ئەفسەرە نازییەکان نزیک دەکردەوە، پاشان داوایان لێدەکردن بۆ پیاسە و بەسەربردنی کات بچنە دەرەوەی باڕەکە و بەناو باخ و دارستانەکان رێبکەن. کاتێک دەگیشتنە شوێنێکی چۆڵ، ئەفسەرەکانیان لە رێگەی خواردنەوەی جیاواز، ژەهراوی دەکرد.

لە چاوپێکەوتنێکیدا، ئەو خاتونە هۆڵندییە لەبارەی چالاکییەکانی گووتی: "دەبوو ئێمە ئەوە بکەین. ئەوە کارێکی شەیتانی پێویست بوو، دەبوو ئەوانە بمرن کە خیانەتیان لەو خەڵکە باشە دەکرد".

لە پرسیاری ئەوەی ئایا چەند کەسیان بەو جۆرە کوشتووە، فرێدی وەڵامی دایەوە: "هەرگیز ئەو پرسیارە لە هیچ سەربازێک مەکە".

لە پێنجی ئەیلولی ئەمساڵ، فرێدی ئۆڤەرستیگێم، یەک رۆژ پێش بوونی بە 93 ساڵ، لە وڵاتی نێزەرلاند وەک دواین ئەندامی بەرگری خانمانی نێزەلاندس دژی داگیرکاری نازییەکان کۆچی دوایی کرد.

خوشکەکەی فرێدی دوای جەنگ خۆی بە هونەر و نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی سەرقاڵکرد، بەڵام ئەوەی بۆ ئەو دوو خوشکە لەبیر نەدەکرا، کوشتنی هانی هاوڕێیان تەنها بەیەک هەفتە پێش شکانی نازییەکان لە نێزەلاندس بوو.

بەڵام ئێستا هانی رێکخراوێکی مرۆیی بەناوەوەیە و وەک سیمبولێکی نیشتیمانی تەماشا دەکرێت.

دوای جەنگ، فرێدی  شوی بە جان دێکەر کرد و سێ منداڵی هێنایە ژیانەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی چەند جارێک جەڵتەی دڵ لێیدا و تەواو نەخۆشی خست.

فرێدی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە جارێک بە دەستەکانی خۆی گولـلەی لە ئەندامێکی نازییەکان داوە و لەبارەی ئەو رووداوەش دەڵێت: "من خۆم گولـلەکەم لێدا، بە بەرچاو خۆمەوە کەوتە سەر زەوی. لە ناخمدا چی هەبوو لەو ساتە؟ دەمویست بڕۆم و یارمەتی بدەم و بیخەمەوە سەر پێ".

هانی شافت
هانی شافت
تروس
تروس

سەرچاوە: دەیلی  مەیل

H.J