نامەیەكی نەوشیروان مستەفا بڵاودەبێتەوە

رەنگە گۆڕان پێویستی بە من نەمابێ و منیش توانای کارکردنی جارانم نەمابێ

K24 - ھەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان نامەیەكی نەوشیروان مستەفا، بڵاودەكاتەوە كە پێش كۆچی دوایی نووسیویەتی، لە نامەكەدا باس لە وازھێنانی لە پۆستەكەی دەكات و دەڵێت " رەنگە گۆڕان پێویستی بە من نەمابێ و منیش توانای کارکردنی جارانم نەمابێ".

لە نامەكەی نەوشیروان مستەفا ھاتووە: "بزوتنەوەی گۆڕانیش کەوتۆتە سەر قاچی خۆی. بۆیە ئیتر ڕەنگە پێویستیەکی ئەو تۆی بە من نەمابێ و منیش توانای کارکردنی جارانم نەمابێ و کاتی ئەوە هاتبێ گۆڕان ڕێکخەرێکی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێ".

ھەر لەو نامەیەدا رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان باسی ھەڵبژاردنی نێو ئۆرگانەكانی دەكات و دەڵێ: "بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پێویستمان بە بەستنی کۆنگرە نییە، وەکو حیزبەکانی تر جڤاتی نیشتمانی بەشێوەیەکی ئاسۆیی لەهەموو باژێڕەکانی کوردستان و ، لەناو رێکخراوەکانی تاراوگە هەڵئەبژێردرێ. ئەوانیش بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە بێ رێکخەری گشتی و، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرن. ئێستاش جڤاتی نیشتمانی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی ژورەکان و، جڤاتی گشتی، ئەتوانن کەسێك لە خۆیان یا کادر و هەڵسوڕاوانی دەرەوەی خۆیان هەڵبژێرن بە رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرن".

لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا كە ئاراستەی ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی كردووە نەوشیروان مستەفا نووسیویەتی: "من ئێستا ئیتر پێم وایە "کاتێکی گونجاوە : تەوقیتێکی موناسیبە" بۆ ئەوەی بە پێی "دەستوری ناوخۆیی" بزوتنەوەی گۆڕان لە جێگەی من کەسێکی کە هەڵبژێرن بۆ ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە،  هەروەها بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن. من بەڵێنتان پێ ئەدەم کە هەرکەس هەڵبژێرن بە ڕێکخەری گشتی من بە هەمو توانامەوە هاوکاری ئەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتو بێ لە ئەرکەکەیدا".

 

دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا

هاوڕێیانی بەڕێز!

ئەندامانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

 ڕێزو سڵاو...

نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سێ بۆنەی جیاوازدا بە ڕاشکاوی ڕام گەیاند کە ئەم بەندەیە ئەرکی ئەخلاقی، ئەرکی دینی، ئەرکی نیشتمانی ، ئەرکی نەتەوەیی خۆمم بەجێ هێناوە و ، بزوتنەوەی گۆڕانیش کەوتۆتە سەر قاچی خۆی. بۆیە ئیتر ڕەنگە پێویستیەکی ئەو تۆی بە من نەمابێ و منیش توانای کارکردنی جارانم نەمابێ و کاتی ئەوە هاتبێ گۆڕان ڕێکخەرێکی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێ. بەڵام ئەوەی دوای خستم لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ڕوداوە نەخوازراوەکانی کوردستان و . بەدوای ئەویش دا هێرشی ناڕەوای پارتی بو بۆ سەر بزوتنەوەکە و بۆ سەر شەخسی خۆم .

ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتی  بزوتنەوەی گۆڕان دا ، لەچاو حیزب و ڕێکخراوەکانی تری کوردستان دا ئاسانترە. ئەوەشمان لەئەنجامی شیکردنەوەی تەجروبەی هەمو حیزبەکانی تر دەرهێناوە. بۆ ئەوەی سەرکردایەتی نەبێتە مۆتەکەی سەر لەشی حیزب. بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پێویستمان بە بەستنی کۆنگرە نیە، وەکو حیزبەکانی تر جڤاتی نیشتمانی بەشێوەیەکی ئاسۆیی لەهەمو باژێڕەکانی کوردستان و ، لەناو ڕێکخراوەکانی تاراوگە هەڵئەبژێردرێ. ئەوانیش بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە بێ ڕێکخەری گشتی و، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرن. ئێستاش جڤاتی نیشتمانی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی ژورەکان و، جڤاتی گشتی، ئەتوانن کەسێك لە خۆیان یا کادر و هەڵسوڕاوانی دەرەوەی خۆیان هەڵبژێرن بە ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرن،  بە پێچەوانەی هەمو حیزبەکانەوە بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە بێ. بە واتایەکی تر گۆڕین لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دا هەمو وەختێ ئاسانە و هەمو کات ئەشێ ئەمە بکرێ، ئەمە نابێتە کۆسپ .

من ئێستا ئیتر پێم وایە "کاتێکی گونجاوە : تەوقیتێکی موناسیبە" بۆ ئەوەی بە پێی "دەستوری ناوخۆیی" بزوتنەوەی گۆڕان لە جێگەی من کەسێکی کە هەڵبژێرن بۆ ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە،  هەروەها بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن. من بەڵێنتان پێ ئەدەم کە هەرکەس هەڵبژێرن بە ڕێکخەری گشتی من بە هەمو توانامەوە هاوکاری ئەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتو بێ لە ئەرکەکەی دا. قسەیەک کە لێرەدا بە باشی ئەزانم بیکەم سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن و هەمو ئۆرگانە سەرکردەییەکانی بزوتنەوەکە: تێکەڵاوکردنی ئەزمونە تێکۆشەرە دێرینەکانی ناو بزوتنەوەکەیە لەگەڵ هیمەتی گەنجە تازەپێگەیشتوەکانی.

بزوتنەوەی گۆڕان. بۆ ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتیەکەی دا پێویستی بە بەستنی کۆنگرە نیە، تەنیا بۆ هەموارکردنی دەستورەکەی و بۆ پەسەندکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و ئەنجومەنی پارێزگاکان پێویستی بە بەستنی کۆنگرەیە .

لەگەڵ خۆشەویستی زۆری

نەوشیروان مستەفا