ده‌وڵه‌تی یاسا: لێدوانه‌كانی عه‌بادی له‌باره‌ی بودجه‌ی 2018 له‌ڕاستیه‌وه دوورن
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د سه‌یهود، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكدا جه‌ختی كرده‌وه "بودجه‌ی ساڵی 2018 پێداویستییه‌كانی گه‌لی عێراق دابین ناكات".
به‌گوێره‌ی سایتی ئێس ئێن جی عێراقی، سه‌یهود رایگه‌یاندووه "وێڕای ده‌رچوونی عێراق له قه‌یرانی دارایی، به‌ڵام حكومه‌ت نایه‌وێت داواكاری و تێبینییه‌كانی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌به‌رچاو بگرێت، له‌كاتێكدا ئێستا عێراق رۆژانه زیاتر له 4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به نرخی 70 دۆلار هه‌نارده ده‌كات".
سه‌یهود ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "وێڕای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان، دۆخی دارایی وڵات به‌ره‌و باشبوون هه‌نگاوی ناوه، به‌ڵام حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بودجه سكهه‌ڵكوشراوه "ته‌قه‌شوف"ه‌ی ئێستا سووره و نایه‌وێت هه‌مواری بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی حكومه‌تیش له‌سه‌ر نه‌بێت په‌رله‌مانیش ناتوانێت هه‌مواری بكاته‌وه و، كاتێكیش بڕی پاره‌ی دیاریكراو له ره‌شنووسی بودجه‌دا زیاد بكه‌ین، ئه‌وا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه تووشی تانه‌لێدان ده‌بینه‌وه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا جه‌ختیشی كرده‌وه "ئه‌و لێدوانانه‌ی عه‌بادی كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، گوایا په‌رله‌مان باجی له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران داناوه، له راستیه‌وه دوورن، چونكه دانانی باج له‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌ماندا نییه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته و، هه‌ر حكومه‌تیش ئه‌و باجه‌ی له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران داناوه"، هه‌وه‌رها گوتیشی "بابه‌ته‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و دانانی باج له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تن نه‌ك په‌رله‌مان". هه‌وه‌رها جه‌ختیشی كرده‌وه "عه‌بادی و حكومه‌ته‌كه‌ی بابه‌تی پێدانی كاره‌بای به كه‌رتی تایبه‌ت وروژاندووه و گوناهه‌كه‌ش ده‌خاته ئه‌ستۆی په‌رله‌مان، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان هه‌میشه ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ره‌ت كردۆته‌وه".
پرۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 2018ی عێراق، كه ره‌شنووسه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه داڕێژراوه، تائێستا دووجار بۆ په‌رله‌مان به‌رزكراوه‌ته‌وه و، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگدانی له‌سه‌ر بكرێت دووباره گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ حكومه‌ت، چونكه پێكهاته‌كانی كورد و سوننه و به‌شێك له شیعه‌كانیش له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ارن، ره‌وایه‌تی كه‌م له ره‌شنووسی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا ده‌بینن و، ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان، نادادپه‌روه‌ری زۆری تێدایه و، چه‌ندین لایه‌نیش تێدا فه‌رامۆش كراوه، كه په‌یوه‌ندی به ژیانی خه‌ڵكی عێراقه‌وه هه‌یه.