ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەخرێنە حاڵەتی ئامادە باشیەوە

بازگەی کاتی دادەنرێت

K24 - سلێمانی

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی تاوان لە سلێمانی بڕیاریانداوە، لە ئەمڕۆوە سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بخە حاڵەتی ئامادە باشیەوە.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەم مانگەدا تاوانی جۆراو جۆر لەسلێمانی روویانداوە و رێژەكە زیادیکردووە، بۆیە لە ئەمڕۆوە مەفرەزە لە زۆربەی کۆڵان و شەقامەکانی سلێمانیدا دادەنرێت بە مەبەستی رێگری لە زیادکردنی تاوانەكان".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری کوردستان24، سەبارەت بەو هێزە تایبەتەی کە ماوەی رابردوو لەسلێمانی دروستکرا،  وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی: "ئەو هێزەو سەرجەم هێزەکانی سلێمانی دەخرێنە حاڵەتی ئامادە باشیەوە و بازگەی کاتی دادەنرێت بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان".