به‌ریتانیا كوردێك به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی داعش زیندانی ده‌كات
K24 - ھەولێر
به‌گوێره‌ی میدیاكانی به‌ریتانیا، په‌نابه‌رێكی كوردی باشووری كوردستان به‌ناوی (ئا.ح) له‌لایه‌ن دادگایه‌كی شاری بێرمینگهامی به‌ریتانیاوه زیندانی كراوه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كورده تۆمه‌تبار كراوه به‌وه‌ی ئه‌ندامی داعش بووه و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كوردی دیكه ویستوویانه هێرشی تیرۆرستی ئه‌نجام بده‌ن.
دادگا ئاشكرای كردووه كه ئه‌و په‌نابه‌ره كورده ویستوویه‌تی له‌رێگای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، خه‌ڵك رابكێشێته نێو رێكخراوی داعشه‌وه و كارئاسانیشیان بۆ بكات و بیانگه‌یه‌نێته سووریا.
پۆلیسی به‌ریتانیش ئاشكرای كردووه كه له‌كاتی ده‌ستگیركردنی ئه‌و كورده له‌گه‌ڵ چوار كوردی دانیشتووی به‌ریتانیا تۆڕێكی تیرۆرستیان هه‌بووه، پیلانی ئه‌نجامدانی كاری تیرۆرستیان كێشاوه له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا.
بڕیاره له كۆتایی ئه‌م مانگه دادگا بڕیار له‌ماوه‌ی زیندانیكردنی ئه‌و په‌نابه‌ره كورده بدات.