یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ رێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی ده‌به‌ستێته‌وه‌

یه‌كێتی راگه‌یێنراوێك بڵاوده‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی كۆبووەوە، دوای كۆبوونه‌وه‌كە مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، له‌ راگه‌یەندراوێكدا، كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 18ـی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ واژۆكردنی رێككه‌وتنامه‌ی سیاسیی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌به‌ستێتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی یەكێتیدا ھاتووە: "لە كۆبونەوەكەدا جەخت كرایەوە، كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی‌ و پارتی، وەك یەك پاكێچ بۆ هەرێم‌ و بەغدا ‌و كەركووك ‌و پرسە نەتەوەیی‌ و نیشتمانییەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی‌ و حوكمڕانی‌ و بەدیهێنانی شەراكەتی راستەقینە لە بڕیاردان‌ و راپەڕاندنی ئەركەكاندا. بۆ ئەم مەبەستە مەكتەبی سیاسی هەڵوێستی یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان بۆ رێككەوتنی سیاسیی گشتگیر لەنێوان یەكێتی ‌و پارتی دووپاتكردەوە".

 لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژە بەوەكراوە: "دۆخی كەركووك ‌و ناوچە كوردستانییە دابرێنڕاوەكان بە وردی هەڵسەنگێندرا، مەكتەبی سیاسی، پرسەكە وەك پرسێكی نیشتمانیی ‌و نەتەوەیی دەبینێ ‌و بەرپرسیارێتیی هەموو هێزە كوردستانییە تێكۆشەرەكانە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخی نائاسایی ئەو ناوچانە بدەن".