ته‌زووی كاره‌با كۆڵكێشێك له بیركاری ده‌كاته بلیمه‌ت
K24 - هه‌ولێر:
عه‌بدولسه‌لام، گه‌نجێكی ئورفه‌ی توركیایه، به هیچ شێوه‌یه‌ك پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌هۆی لێدانی ته‌زووی كاره‌باوه، له بیركاری ده‌بێته بلیمه‌ت و بيردۆزی نوێ له‌و بواره بدۆزێته‌وه.
عه‌بدولسه‌لام جیجكچی، ته‌مه‌ن 19 ساڵ، خه‌ڵكی شاری شانلی ئورفه‌یه، ئه‌و له كۆگاكه‌ی باوكی وه‌ك كۆڵكێشێك كارده‌كات، رۆژێكیان له كاتی كاركردن ته‌زووی كاره‌با لێیده‌دات، دواتریش ده‌گوزارێته‌وه نه‌خۆشخانه و ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه.
دوای ده‌رچوونیشی له نه‌خۆشخانه، مێشكی ئه‌و گه‌نجه به شێوه‌یه‌كی جیاوازتر كارده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به ئامێری پێژمێر بێت، كاره‌كان راییده‌كات، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌نجامی هاوكێشه بیركارییه سه‌خته‌كان ده‌رده‌هێنێت و بیردۆزی نوێ و رێگه‌ی تازه ده‌بینێته‌وه.
هه‌رچه‌نده عه‌بدولسه‌لام له خوێندنی ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌یی ده‌خوێنێت، به‌ڵام ئێستا مه‌یلی به‌لای بیركاریدایه، ئه‌نجامی هاوكێشه سه‌خته‌كانی بیركاری ده‌رده‌هێنێت، شاره‌زایانی بواره‌كه‌ش له زانكۆی غازی عه‌نتاب، ئاماژه به درووستی ئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ن.
باوكی عه‌بدولسه‌لام ئاماژه به‌وه لێده‌كات، لێدانێكی ته‌زووی كاره‌با، ژیانی كوڕه‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی گۆڕیوه، ته‌واوی پرسه حیسابییه‌كانی كۆگاكه‌یان رایی ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به پێژمێر بێت.
دكتۆر كه‌مال توكه‌ر، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی زانستی زانكۆی حه‌ران له ئورفه رایده‌گه‌یه‌نێت، عه‌بدولسه‌لام به ته‌نها توانیویه‌تی ئه‌نجامی هاوكێشه‌یه‌كی بیركاری ده‌ربهێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به هاوكاری هیچ كه‌سێك بێت، له‌كاتێكدا ئه‌و هاوكێشه‌یه به ته‌نها، نامه‌یه‌كی ماسته‌ر بووه له‌و وڵاته.
رووداوه‌كه هه‌فته‌ی رابردوو روویداوه و میدیاكانی توركیای به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، تا ئێستاش پزیشكان هیچ روونكردنه‌وه‌یان له باره‌ی ئه‌و حاڵه‌ته نه‌داوه و هۆكاره‌كه‌ی نازانرێت.
سه‌رچاوه: ئاژانسی هه‌واڵی ئیخڵاس
ئ. م