عومه‌ری سه‌ید عه‌لی بووه‌ شوێنگره‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا

دوای ھەشت ساڵ گۆڕان رێكخەری نوێ ھەڵدەبژێرێ

K24 - ھەولێر

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، عومەری سەید عەلی تاكه‌ كاندیده‌ بێ ركابه‌ره‌كه‌ی رێكخه‌ری گشتی، بەزۆرینەی دەنگ كراوه‌ته‌‌ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.

كه‌میك پێش ئێستا، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی‌ و 5 ئەندامی دیكەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتووه‌‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستیپێكردووه‌.

به‌ گویره‌ی ژماره‌ی ده‌نگه‌ جیاكراوه‌كان، عومەری سەید عەلی بۆ رێكخەری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆران و شوێنگره‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی كۆچكردووی بزوتنه‌وه‌كه‌ هەڵبژێردراوە و ئه‌مرۆ پاش كۆتایی پرۆسه‌كه‌ به‌ فه‌رمی راده‌گه‌یه‌نرێت.

له‌ كۆی 20 كاندید بۆ ئه‌ندامێتی خانه‌ی راپه‌ڕاندن، جفاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان 6 كه‌س هه‌ڵده‌بژێرێ و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌ستیپێكردووه.

ئه‌مرۆ دوایی تێپەڕبوونی ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان و پاش كۆچی دوای نەوشیروان مستەفا، سەركردەیەكی دێرینی یەكێتی كرایه‌ رێكخەری گشتی گۆڕان.

 جگه‌ له‌وه‌ش بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هه‌ڵده‌بژێرێ و له‌ كۆی 20 كاندید شه‌ش كه‌س بۆ ئه‌و خانه‌یه‌ دیاری ده‌كرێن.

بە دیاركردنی عومەری سەید عەلی، وەك رێكخەری گشتی گۆڕان، ئەو گەنجانەی ھەشت ساڵ لەمەوبەر بە حەماسەوە بەشداریان لە دامەزراندنی گۆڕان كرد، ئێستا بێ ئومێدبوون لە شوێن و پێگەیان لە سەركردایەتی و ناوەندی بڕیاردانی گۆڕان، ژمارەیەكیشیان ئەو بێ ھیوابوونەیان نەشاردووەتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە ھەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی نێو گۆڕان و دیاركردنی رێكخەری نوێ دەردەبڕن.

پێشتر جێگری سەرۆكی چڤاتی گشتی گۆڕان بە پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند بوو: "كە ئەمڕۆ رۆژی 25 تەمموزی2017، 56 ئەندامی چڤاتی نیشتمانی دەنگدەدەن بۆ ھەڵبژاردنی 6 ئەندامی خانەی راپەڕاندن دەدەن و، رەئوف عوسمانیش، سەرۆكی چڤاتی گشتی بەبێ ھەڵبژاردن دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن، ھەر ئەمڕۆش رێكخەری گشتی ھەڵدەبژێردرێت".

پاش ئەوەی نەشیروان مستەفا، دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیاند، ئەوەی خستەڕوو كە سەرقاڵی دەزگایەكی میدیای دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی بڕێك پارەی پێدا، بەڵام لە 25/7/2009، بە لیستێك بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداری هلە ەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ پێگه‌ی "شار پرێس"ـی  نزیك‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، پێشوه‌خته‌ له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان كراوه‌ تا رووبه‌ڕووی كێشه‌ی ناوخۆیی نه‌بنه‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ لیستێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ ببنه‌ كاندیدی سكرتێری كاروباری ژووره‌كان و جڤاتی نیشتمانی و خانه‌ی راپه‌ڕاندن و ئۆرگان و ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ و دوایین لیستیان له‌ ناو و ئه‌ركی ئه‌و ده‌سته‌ و دامه‌زراوه‌و ئۆرگانانه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌مشێوه‌یه‌...

بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری ژوورەكان، هەرەیەكە لەمحەمەد تۆفیق رەحیم‌و محەمەد عەلی كاندید بوون و محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم هه‌ڵبژێردراوه‌.

بۆ سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، جەمالی حاجی محەمەدو دلێر عەبدولخالق كاندید بوون و جه‌مالی حاجی محه‌مه‌د هه‌ڵبژێردراوه‌.

بۆ سكرتێری‌ فراكسیۆنەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، جەلال جەوهەرو ئیسماعیل نامیق، كاندید بوون و جه‌لال جه‌وهه‌ر ده‌نگی زیاتری هێناوه‌.

بۆ سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكان، عوسمانی حاجی مەحمودو ئاسۆ رەحیم كاندید بوون و عوسمانی حاجی مه‌حمود ده‌رچووه‌.

بۆ سكرتێری كاروباری خەڵك، شۆڕش حاجی‌و سوعاد عەبدولڕەزاق. شۆڕش حاجی هه‌لبژێردراوه‌.

ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ بووه‌..
عوسمانى حاجى مه‌حمود 45 ده‌نگ
جه‌مال حاجى محمه‌د 39 ده‌نگ
عومه‌رى سه‌ید عه‌لى 38 ده‌نگ
جه‌لال جه‌وهه‌ر عه‌زیز 37 ده‌نگ
شۆڕش حاجى 34 ده‌نگ
حمه‌ تۆفیق ڕه‌حیم 34 ده‌نك

پۆستی سكرتێری جڤاتی گشتیریش رۆژی شەممەی رابردوو بۆ رەئوف عوسمان یەكلابووەوە، كە لەهەڵبژاردنێكی ناوخۆیی بووە سەرۆكی جڤاتەكە.

خانەی‌ ڕاپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان پێكدێت لەرێكخەری‌ گشتی‌، سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌، سەرۆكی‌ گشتی‌ جڤاتی‌ گشتی‌، سكرتێری‌ باژێڕوانەكان، ژوورەكان، فراكسیۆنەكان‌و سكرتێری‌ كاروباری‌ خەڵك.

خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەكە:

مادەی‌ دوانزەیەم: خانەی‌ راپەڕاندن

خانەی‌ راپەڕاندن بەرپرسی‌ جێبەجێكردنی‌ بڕیار ‌و راسپاردەكانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانە، لە نێوان دوو كۆبونەوەدا.

مادەی‌ سیانزەیەم: هەڵبژاردنی‌ ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن

یەكەم: ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن، بەپێی‌ ئەركەكانی پێكدێت لە: رێكخەری‌ گشتی‌، سكرتێرەكانی‌ كاروباری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌، فراكسیۆن، ژورەكان، باژێڕەكان، خەڵك ‌و سەرۆكی‌ جڤاتی‌ گشتی‌.

دووەم: رێكخەری‌ گشتی‌ ‌و ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن، جگە لە سەرۆكی‌ جڤاتی‌ گشتی‌، لەناو ئەندامانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی،‌ یان لەناو ئەندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ ‌و كەسایەتییە ناسراوەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا كە ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ ‌و جڤاتی‌ گشتی‌ نین، كاندید دەكرێن؛ لەكۆبوونەوەی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیدا، بەدەنگدانی‌ نهێنی‌ ‌و راستەوخۆ ‌و بەزۆرینەی‌ سادە ئەپەسەندرێن ‌و بە زۆرایەتی‌ رەهای‌ دەنگی‌ هەموو ئەندامەكانی‌ دەگۆڕدرێن.

سێیەم: هەڵبژاردنی‌ رێكخەری‌ گشتی‌ ‌و ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت.

چوارەم: رێكخەری‌ گشتی‌ ‌و ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن تەنیا بۆ سێ‌ خولی‌ هەڵبژاردن بۆیان هەیە، بۆ هەمان پۆست ، خۆیان كاندید بكەن.

مادەی‌ چواردەیەم: پێكهاتە و ئەركەكانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن

ئەركەكانی‌ ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بریتیە لە:

یەكەم، رێكخەری‌ گشتی‌:

1-1: سەرپەرشتی‌ كۆبونەوەكانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن ‌و جڤاتی‌ نیشتمانی‌ دەكات.

1-2: لەبەردەم جڤاتی‌ نیشتمانیدا بەرپرسیارە.

1-3: لەكاتی‌ ئامادەنەبونیدا، یەكێك لە ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن رادەسپێرێ‌ بۆ ئەنجامدانی‌ ئەركەكانی‌.

دوەم، سكرتێری‌ كاروباری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌، كە ئەركەكانی‌ بریتیە لە:

2-1: دیاریكردنی‌ كات ‌و شوێن ‌و كارنامەی‌ كۆبونەوەكانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌.

2-2: تۆماركردنی‌ كۆنوسی‌ كۆبونەوەكان، تۆماركردنی‌ بڕیار ‌و راسپاردەكانی‌ ‌و گەیاندنی‌ بەجێگەی‌ پەیوەندیدار.

 سێیەم، سكرتێری‌ كاروباری‌ فراكسیۆنەكان، كە ئەركەكانی‌ بریتیە لە هەماهەنگی‌ نێوان فراكسیۆنەكان ‌و دامەزراوەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان.

چوارەم، سكرتێری‌ كاروباری‌ باژێڕەكان، كە ئەركەكانی‌ بریتیە لە رێكخستنی‌ پەیوەندی‌ رۆژانەی‌ نێوان باژێڕوان ‌و باژێڕەكان ‌و خانەی‌ راپەڕاندن ‌و وەڵامدانەوەی‌ نامە و پەیام ‌و پرسیارەكانیان.

پێنجەم، سكرتێری‌ كاروباری‌ ژورەكان، كە ئەركەكانی‌ بریتیە لە هەماهەنگی‌ نێوان ژورەكان ‌و خانەی‌ راپەڕاندن ‌و دامەزراوەكانی‌ گۆڕان.

شەشەم، سكرتێری‌ كاروباری‌ خەڵك، كە ئەركەكانی‌ بریتیە لە:

6-1: پێشوازیكردنی‌ ئەوانەی‌ رۆژانە سەردانی‌ مەكۆی‌ سەرەكی‌ دەكەن.

6-2: گوێگرتن لە پێشنیار، رەخنە، ئامۆژگاری‌، سكاڵاكانی‌ خەڵك ‌و گەیاندنی‌ بابەتەكانیان بەجێگەی‌ پەیوەندیدار.

حەوتەم: سەرۆكی‌  جڤاتی‌ گشتی‌.

مادەی‌ پانزەیەم: هەڵبژاردنەوەی‌ رێكخەری‌ گشتی‌

لەكاتی‌ چۆڵبونی‌ جێگەی‌ رێكخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەكەدا، لە سۆنگەی‌ وازهێنانی‌ یان هەر هۆیەكی‌ ترەوە، بۆ پڕكردنەوەی‌ شوێنەكەی‌، یەكێ لەئەندامانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ یا یەكێ‌ لە ئەندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ یان كەسایەتیەكی‌ دیاری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە دەرەوەی‌ هەردو جڤات، بەدەنگدانی‌ نهێنی‌‌و راستەوخۆ‌و بەزۆرایەتی‌ رەها هەڵدەبژێرن.