بەغدا دەگەڕێتەوە دواوە

لەژێر حوكمی تائیفییەوە دەناڵێنێ
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پێش رووخانی دەستەڵاتی پاشایەتی لە عێراق، شاری بەغدای پایتەخت یەكێك بووە لە شارە جوان و رازاوەكانی وڵاتە عەرەبییەكان و دوای قاھیرەش دووەم گەورە شاری عەرەبی بووە.

حەفتا ساڵ پێش ئێستا خەڵكی بەغدا پێشكەتووبوون و لە ژیانێكی سەردەمیانەدا دەژیان، كەچی بەدرێژایی سێ دەیە لە حوكمی رژێمی پێشوو، ھەروەھا 15 ساڵیش لە حوكمی شیعەكان، ژیان تێیدا سەختبووە و لەھەموو روویەكەوە ژیان بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.

كە سەیری دیمەنەكانی وێنە و گرتە ڤیدیۆییە كۆنەكانی شاری بەغدا بكەین، ئەوسا لە ھاوكێشەی گەڕانەوە بۆ دواوە تێدەگەین.

ھاووڵاتییەكی دنایشتووی بەغدا كە ماوەی 3 دەیە بەدەست شەڕەكانی سەدام حسێن، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و 15 ساڵیشە لەژێر حوكمی تائیفییەوە دەناڵێنێت، حەفتا ساڵ پێش ئێستا ژیان تیایدا بەشێوەیەك بووە كەخەڵك لەھەموو بوارێكدا لە ئێستا پێشكەوتووتر بووە.

بەغدا كە دوای قاھیرە گەورترین شاری عەرەبیە، نەوەك ھەر ساڵانی پەنجاكان، لە كۆندا پایتەختی خەلافەتی عەباسیش بووە، بەھۆی رووباری دیجلەشەوە بە رازاوەترین و جوانترین شاری عەرەبی بووە لەماوەی پێش شەڕەكانی كەنداودا.

خەڵكی ئەو كات ژیانێكی شارستانیانە دەژیان و بە جل و بەرگ و ئۆتۆمبێلی نوێ دەردەكەوتن، یەكەم شاریش بووە لە ناوچەكەدا كە پاسی دوو نھۆمی و تراموای بۆ گواستنەوەی خەڵك تێدا بەكارھاتووە.

سەرجەم بوارەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازی لە گەشەسەندن دابوون، پێكھاتەكانی ئەم شارە ھیچ رق و كینەیەكی بەرامبەر یەكتری نەبووە.

لە بەرامبەردا ئێستای دۆخی بەغدا رێك پێچەوانەی ئەو سەردەمەیە، بەتایبەت دوای 2003 ژیان لەھەموو روویەكەوە بەرەو دواوە گەڕایەوە و تائیفیەت و مەزھەبیەت كە ئەجێندای دەرەوە بوون، بەغدایان تەنی و ھەموو روویەكی شارستانی لەم شارە پاشەكشەی كرد و سەرجەم پێكھاتەكانی دیكە پەراوێزخران و ملیشیا و سەركردە تائیفییەكان دەستیان بەسەر ھەموو جومگەكانی شارەكە و تەنانەت عێراقیشدا گرت.

لە بەرواردێكی بەغدای ئێستا و جاراندا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە ئێستای پایتەختی عێراق ھیچ سیمایەكی شاری عێراقی پێوەدیارنەماوە، لەژێر ھەیمەنەی ئەو خێزانە شیعییەی ئێستاشدا ھیچ ئاسۆیەك بۆ گەڕانەوەی پێگەی و جوانی جارانی شاری بەغدا نابینرێت.

ھ.م