كچێكی تورك دوای رووداوێكی هاتووچۆ زمانی خۆی له‌بیر ده‌چێت و به رووسی قسه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
چیرۆكی زۆر هه‌ن له باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دوای رووداوێك، یاخود به‌ركه‌وتنی گورزێك به‌ر سه‌ریان، دووچاری له هۆشخۆچوون بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام دوای به ئاگاهاتنه‌وه‌یان به زمانێكی دیكه‌ی جیاواز له زمانی دایكیان قسه ده‌كه‌ن.
خه‌دیجه تاتلی ئار، ته‌مه‌ن 27 ساڵ، خاوه‌نی سه‌نته‌رێكی جوانكارییه، دوای ئه‌وه‌ی له رووداوێكی هاتووچۆدا، گورزێك به‌ر سه‌ری ده‌كه‌وێت، له هۆشخۆی ده‌چێت و ماوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه ده‌مێنێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پزیشكانه‌وه چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ ده‌كرێت و دێته هۆشخۆی، به زمانێكی ره‌وانی رووسی قسه ده‌كات، له‌كاتێكدا پێشتر به هیچ شێوه‌یه‌ك رووسی نه‌ده‌زانی، تا ئێستاش پزیشكان هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه نییه.
خه‌دیجه تاتلی، نزیكه‌ی چوار مانگ به‌ر له ئێستا، دووچاری رووداوه‌كه بووه، ماوه‌ی 10 رۆژ له نه‌خۆشخانه و له به‌شی چاودێری چڕ ماوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به هۆشخۆی هاتووه‌ته‌وه، به زمانی رووسی قسه‌ی كردووه، له سه‌ره‌تاشدا كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كه وایانزانیوه كه‌سێكی بیانییه.
خه‌دیجه ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی له جێگه‌كه‌م هه‌ستام، زانیم هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه و شتێك روویداوه، به‌ڵام پێشبینیم نه‌ده‌كرد ئه‌و گۆڕانكارییه له زمانه‌كه‌مدا بێت، دواتر زانیم كه من به زمانی رووسی قسه ده‌كه‌م".
پزیشكێكی تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی ده‌ماریش ده‌ڵێت: "به‌هۆی نه‌مانی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ده‌ماره‌كانی مێشك و ماسوولكه‌ی زمان و ئاخاوتن، ئه‌و حاڵه‌ته رووده‌دات، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌مووجار ته‌نها زمانی رووسی بێت، ره‌نگه زمانێكی دیكه‌ی وه‌كو چینی، ئه‌فریقی یاخود ئه‌ڵمانی بێت".