تورکیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بە "تیرۆرست" ناساندنی سوپای پاسداران ئاشکرا کرد

چاوشئۆغلۆ و زەریف کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا

K24 – هه‌ولێر:
وەزیری دەرەوەی تورکیا بڕیاری ئەمەریکا بۆ خستنە نێو لیستی تیرۆری سوپای پاسدارانی ئێران بە بڕیارێکی هەڵە و مەترسیدار ناودەبات.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەنقەرە رەخنەی لە بڕیاری ئەمەریکا لەبارەی خستنە نێو لیستی تیرۆری سوپای پاسدارانی ئێران گرت و رایگەیاند: "ناکرێت هەر وڵاتە و بە ئارەزووی خۆی سوپای وڵاتێکی دیکە بخاتە نێو لیستی تیرۆرەوە".

راشیگەیاند: "بە تیرۆرست ناساندنی سوپای وڵاتان دەرهاویشتەی خراپی دەبێت و متمانە لەسەر ئاستی نێودەوڵی ناهێڵێت".

پێشتر هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە و ئیسرائیل بڕیارەکەی ئەمەریکایان بۆ بە 'تیرۆرست" ناساندنی سوپای پاسدارانیان بە بڕیارێکی گرنگ لەقەڵەم دابوو، بەڵام عێراق و تورکیا دژی ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکان و بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەی دەزانن.

H.J