وردەكاری رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر چەند پرسێك ئاشكرا دەكرێت

عەلی سندی: لە دوایین كۆبوونەوەدا باسی كێشە بازرگانی و ئابوورییەكان كرا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان وردەكارییەكانی رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی پرسە بازرگانی و ئابوورییەكان دەخاتەڕوو، بەتایبەتی پرسەكانی خاڵە گومرگییەكان و ھەناردە و ھاوردە و پێدانی مۆڵەت بە كارگەكان كە لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان ھەردوولادا باسی لێوەكراوە.

عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە ژووری ھەواڵی كوردستان24 رایگەیاند: "پەیوەندیی و گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و لە دوایین سەردانماندا بۆ بەغدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكوومەت و وەزیری بازرگانی كۆبووینەوە، باسمان لە پارەی گەنمی جووتیاران و چەند پرسێكی نێوان ھەردوولادا كرد، ھەروەھا لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری كۆبووینەوە كە فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق سەرپەرشتی دەكات، باسمان لە كێشەی دانانی بازگە گومرگییەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و كەركووك و شارەكانی دیكە كرد".

گوتیشی: "ئەو بازگە گومرگیانەی لەلایەن حكوومەتی عێراق دانرابوون، سەرەتا تەنھا بەناوی كاروباری گومرگ دانرابوون، دواتر ھەست دەكرا بە بیانووی یاسایی و سیاسی بە جۆرێكی دیكە كاریان دەكرد".

لەبارەی مۆڵەتی كارگەكان لە ھەرێمی كوردستان عەلی سندی گوتی: "لە ساڵی 2003وە لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی 5 ھەزار مۆڵەتی دامەزراندنی كارگە دراوە. ئێستا لە عێراق یاسایەكی دیكە پەیڕەو دەكرێت كە پێی دەگوترێت یاسای ژمارە 20 كە نوێترە لە یاسای ھەرێمی كوردستان، ئێمە بەوە رازیبووین كە ئەو یاساییە پەیڕەو بكەین، بە مەرجێك ئەو كارگانەی مۆڵەتیان ھەیە كارەكانیان لە ھەرێمی كوردستان رایی بكەن و نەچنە بەغدا".

راشیگەیاند: "لەسەر خاڵە گومرگییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە كاروباری خاڵە گومرگییەكان وەك یەك بێت، ئێستا كە حكوومەتی نوێ لە عێراق پێكھێنراوە، لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین ویستومانە وەك نیشاندانی نیازپاكی ئەو بابەتە بەكاربھێنین".

ئاشكراشی كرد: "لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر ئەوەش رێككەوتووین كە مۆڵەتی ھەناردە و ھاوردە و مۆڵەت و رسوماتی بازرگانی وەك یەك بێت، بەڵام پێویست نەكات بازرگانانی ھەرێمی كوردستان بۆ مۆڵەت سەردانی بەغدا بكەن".