پزیشكێك به سه‌ما ئازاری له‌دایكبوون كه‌مده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
كاتی له‌دایكبوونی منداڵ و نه‌شته‌رگه‌ری له‌دایكبوون، پرۆسه‌یه‌كی سه‌خته بۆ ئافره‌تان، به‌ڵام پزیشكێكی به‌رازیلی به‌ناوی "فیرناندۆ گیدس داكونها" ئه‌و ئازاره سه‌خته‌ی گۆڕیوه بۆ ساتێكی خۆش و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری دایكان و پێكه‌نین و شادی خستووه‌ته سه‌ر لێو و رووخساریان.
شێوازه‌كه‌ی فیرناندۆ زۆر ئاسانه، پزیشكه‌كه له‌گه‌ڵ دایكه‌كه یان نه‌خۆشه‌كه و په‌رستاره‌كان پێكه‌وه سه‌ما ده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه تاڕاده‌یه‌ك نامۆ بێت، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات پشتی به چه‌ندین به‌ڵگه‌ی زانستی به‌ستووه.
به‌ڵام كاتێك پزیشكه به‌رازیلییه‌كه له‌گه‌ڵ چه‌ند ئافره‌تێكی دووگیان، به گۆرانی دیسپاسیتۆی به‌ناوبانگ سه‌ماكانی بڵاوكرده‌وه، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بایه‌خێكی زۆری پێدرا.
فیرناندۆ له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستگرام، پارچه ڤیدیۆی زۆری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك دایك بڵاوكرده‌وه كه به‌ر له دایكبوونی منداڵه‌كانیان سه‌ما ده‌كه‌ن.
پزیشكه‌كه ده‌ڵێت: "به‌و رێگه‌یه ده‌مه‌وێت ئازاری له‌دایكبوون كه‌مبكه‌وه، ئه‌ویش به رێگای راهێنانی جه‌سته‌یی و به‌و شێوه‌یه‌ش له‌دایكبوونی منداڵه‌كه ئاسانتر ده‌بێت".
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه ساڵی 1998 كراوه، ئه‌و رێگایه‌ی فیرناندۆ له رووی زانستییه‌وه پاڵپشتی كراوه، چونكه به‌گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه ده‌ركه‌وتووه جووڵه و رۆیشتن پێش له‌دایكبوون كاره‌كه ئاسان ده‌كات.
به‌پێی تویژینه‌وه‌یه‌كی دیكه كه له گۆڤاری Nursing Research ساڵی 2003 بڵاوكراوه‌ته‌وه، ریجینا كاپلان پزیشكی ئافره‌تان له ناوه‌ندی پزیشكی ده‌ڵێت: "كاتی له‌دایكبوون منداڵه‌كه به كه‌ناڵی له‌دایكبووندا تێده‌په‌ڕێت، كاتێك دایكه‌كه ده‌جووڵێت، یارمه‌تی منداڵه‌كه‌ی ناو سكی ده‌دات به‌ته‌واوی له هه‌موو كه‌ناڵه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی باش بجووڵێته‌وه. به‌وه‌ش له‌دایكبوونه‌كه ئاسان ده‌بێت".
به‌ڵام تاكه شتێك كه پێویسته ته‌ئكیدی لێبكرێته‌وه له‌و سه‌ماكردنه ئه‌وه‌یه، له ماوه‌ی دووگیان بووندا پێویست نییه هه‌موو دایكێك سه‌ما بكات و بۆ هه‌موو جۆره دایكێك گونجاو نییه و ده‌بێت پزیشك حاڵه‌ته‌كه‌ی بزانێت.
چونكه هه‌ر چه‌نده ئه‌و رێگا و شێوازه چێژی تێدایه، به‌ڵام پێویسته له‌ژێر چاودێری پزیشكدا ئه‌نجام بدرێت و هه‌ر ئافره‌تێكی دووگیان له‌خۆیه‌وه ئه‌و كاره نه‌كات.