بەڤیدیۆ... سووتانی ژمارەیەک خانووی مێرگەڕەش بەهۆی تۆپبارانی تورکیا

لە دوێنێوە تۆپباران بەردەوامە


K24 - سیدەکان

بەهۆی شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا، دوێنێ شەو و بەیانیی ئەمڕۆ کوێستانی گوندی مێرگەڕەش تۆپباران کرا، لە ئەنجامدا رەز و باخ و بەشێکی خانووی هاووڵاتییانی گوندەکە سووتا و تائێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شاردەێی سیدەکان بەکوردستان24ـی راگەیاند "گەریلاکانی پەکەکە شەوی رابردوو تەقەیان لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی تورکیا کردووە، لە وەڵامیشدا تۆپخانەکانی تورکیا شەوی رابردوو و کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆش بە چڕی تۆپبارانی کوێستانی گوندی مێرگەڕەشیان کرد".

ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا سێ کەسی ئەو گوندە برینداربوون و گەنجێکی خێزاندار قاچێکی لەدەستدا، لەو کاتەشەوە گوندەکە چۆڵکراوە.

تۆپبارانەکە بەگوتەی ئیحسان چەلەبی "زیانی گیانی لە ریزی گوندنشینان لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام رەز و باخ و بەشێکی خانووەکانی گوندەکە ئاگریان گرتووە و لەبەر رەوشی مەترسیداری ناوچەکەش، کەس ناتوانێت هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بدات، بۆیە زیانی زۆری ژینگەیی لێدەکەوێتەوە".

دەڤەری برادۆست لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شارەدێی سیدەکانە لە سنوری قەزای سۆران، ژمارەی گوندەکانی 264 گوندە و بەهۆی تێکهەڵچوونەکانی پەکەکە و تورکیا تائێستاش 118 گوندیان ئاوەداننەکراونەتەوە، 20 گوندی دیکەش مەترسی چۆڵکردنیان لەسەرە.

 

هـ.ر.