حكوومەتی ھەرێم كارگە لەكار كەوتووەكان دەفرۆشێ

چارەنووسی كارمەندانی ئەو كارگانە دیار دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە فرۆشتنی کارگە لەکار کەوتووەکانی دەکات، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ژمارەی ئەو كارگانەی حكوومەت دەیانفرۆشێ 31 کارگەی لە کار کەوتوون.

پلانی حکوومەت لە فرۆشتنی ئەو کارگانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كه دەیەوێت کەرتی تایبەت رۆڵی زیاتری هه‌بێت لە پێشخستنی پێشەسازی لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کارمەندانی ئەو کارگانەش، بڕیارە لە شوێنی خۆیان بمێننەوەو ئەو کۆمپانیانەی کارگەکان دەکڕێت ئەو کارمەندانە بخاتەوە سەر کار، هۆکاری فرۆشتنی ئەم کارگانەش، ئه‌وه‌یه‌ ‌ توانایی بەرهەمهێنانیان نەماوە.

ئاراس رەئوف، بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و  پیشەسازی بە كوردستان24 گوت: "ئێستا لە قۆناغی یەكەمی ئەو بابەتەداین، ھەموو فەرمانگەكانی پیشەسازی ئاگاداركراونەتەوە، بۆ ئەوەی تەواوی زانیاری لەسەر پڕۆژەكانیان بدەنەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی، بۆ ئەوەی لیژنەیەكی تایبەت وردبینی بكات و چارەسەرێكی گونجاو بدۆزێتەوە و بڕیار لەوە بدرێت كە كەرتی تایبەت و حكوومەت لەو بوارە تێكەڵ بكرێت یان فرۆشتنی پڕۆژەكان".

ھەر پەیوەست بەم باسەوە عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند: "كاری پیشەسازی حكوومەت لە ئیدارەدانی كەرتی تایبەت خۆی دەبینێتەوە، حكوومەتی ھەرێم ھیچ پڕۆژەیەكی وەبەرھێنانی پیشەسازی ئەنجام نادات".