"سەرۆكی حكوومەت لەبارەی ماف و مووچەی كەسوكاری شەھیدان دڵنیایی داوە"

پەرلەمانتارێك: سەرجەم ئەو بڕگانە لابراون كە مەترسی بۆ سەر مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان دروست دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دڵنیایی داوە، كە نابێت ھیچ مەترسییەك بۆ سەرمووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان دروست بكرێت.

جەلال محەمەدئەمین، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ تیمی حكوومەت، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێی راگەیاندون، كە چەند جارێك سەرۆكی حكوومەت تەئكیدی لەوە كردووەتەوە، نابێت ھیچ مەترسییەك بۆسەر مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان دروست بكرێت.

جەختیكردەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە پڕۆژەیاسای چاكسازیی سەرجەم ئەو بڕگانەیان لابردووە كە مەترسی بۆ سەر مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان دروست دەكەن.