هه‌ده‌په‌ نه‌یهێشت خه‌ونێكی ئه‌ردۆغان بێته‌دی

هه‌ده‌په‌ به‌ربه‌ست و پیلانه‌كانی تێپه‌راند

K24 - هه‌ولێر:

لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی (24/06/2018) توركیا، پارتی دیموکراتی گه‌لان، هەدەپە، توانی زیاتر لە 10%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و 67 کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکات، ئەمەش پێچەوانەی رێنمایی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بوو بۆ ئەندامانی پارتەکەی.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، لە گرتە ڤیدیۆیەکی دزە پێکراودا و لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەردۆغان بە ئەندامانی پارتەکەی دەڵێ: "برادەران، دەبێت رێکخەرانی پارتەکەی ئێمە کاری جیاواز لەگەڵ هەدەپە بکەن. من ناتوانم لە دەرەوە ئەمە بڵێم. من ئێستا لێرە بە ئێوەی دەڵێم. ئەگەر هەدەپە لە خوار 10% دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەوە مانای ئەوەیە ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر باشتر دەبین".

ئەگەر هەدەپە کەمتر لە 10% دەنگەکانی بەدەست بهێنایە، بە گوێرەی یاساکانی تورکیا، دەنگەکانی دەچوون بۆ لیستی براوەی یەکەم، بەم پێیەش، ئەردۆغان تەواوی کورسییەکانی هەدەپەی بۆ خۆی دەبرد بەڵام پارتەکەی دەمیرتاش رێگری لەو ئامانجەی ئەردۆغان کرد.

سەرکەوتنی هەدەپە لە کاتێکدایە، 9 ئەندام پەرلەمانی ئەو پارتە لە زینداندان و هەندێکی دیکەشیان به‌ تۆمەتی جیاواز متمانەیان وەک ئەندام پەرلەمان لێسەندراوەتەوە. لە هەمووشی گرنگتر، کاندیدی سەرۆکایەتی ئەو پارتە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە زیندانە و رێگری لێکرا لەدەرەوەی دیوارەکانی زیندان بانگه‌شه‌ بكات.