بەریتانیا بە کەوچکێک رێگری لە هاوسەرگیری به‌زۆر دەکات

ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ به‌ریتانیا زۆر بووه‌

K24 – هه‌ولێر:

قوتابخانەیەکی دواناوەندی لە بەریتانیا ئامۆژگاری قوتابیان دەکات، لە کاتی بەزۆر هاوسەرگیری پێکردنیان کەوچێک لەناو جلی ژێرەوەیان بشارنەوە.

لە هەندێک حاڵەتدا، کاتێک کچ و کوڕەکان بە زۆر هاوسەرگیریان پێدەکرێت، بە بیانووی جیاواز بۆ دەرەوەی وڵات گەشتیان پێدەکەن و لە کاتی گەشتەکەیاندا ناچار دەکرێن هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانێک بکەن کە خۆیان نایانەوێت، زۆر جاریش ئەم حاڵەتە بە بێ ئاگایی دایک و باوکی کوڕ و کچەکان بەڕێوەدەچێت.

قوتابخانەی لیدز لە بەریتانیا بە هاوکاری رێکخراوی کارما نیرڤانا کە تایبەتە بە نەهێشتنی دیاردەی هاوسەرگیری بەزۆر ، هۆکاری پێدانی ئەو کەوچکە بە قوتابیان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، ئەگەر ئەو کچ یان کوڕە هەڕەشەی لێکرا گەشتبکات یاخود راستەوخۆ هەڕەشەی لێکرا هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکات لە دەرەوەی وڵات، ئەوا دەبێت ئەو کەوچکە بخاتە ناو جلی ژێرەوەی تاکو لە کاتی رۆشتنی بەناو سکانەرەکانی فرۆکەخانە، پۆلیسی فرۆکەخان هەست بەبوونی ئەو کەوچکە بکرێت، كه‌ مادده‌یه‌كی كانزاییه‌ و له‌ ناو ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی پشكنین ده‌رده‌كه‌وێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سکای نیوز، پۆلیسی فرۆکەخانەکانی بەریتانیاش له‌و بابه‌ته‌ ئاگادار کراونەتەوە، بوونی کەوچک لەناو جلی ژێرەوەی کچان و کوڕان، مانای وایە ئەو کەسە لە ژێر هەڕەشەی هاوسەرگیری و گەشتی بەزۆردایە.

ویڵ بۆس، جێگری سەرۆکی رێکخراوی کارما نیرڤانا، لە بارەی ئەو پڕۆژەیە گوتی: "ئێمە هەم ئامۆژگاری قوتابیان دەکەین کە چۆن خۆیان لە هاوسەرگیری بەزۆر بپارێزن، هەمیش فێریان دەکەین لە کاتی دروستبوونی مەترسییەکانی، چۆن مامەڵە بکەن".               

بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2017، هەزار و 195 حاڵەتی هاوسەرگیری بەزۆر تۆمارکراوە کە 355 لەوان خوار تەمەن 18 ساڵ بوون و ئەوانیدیکەش تەمەنیان لە 18 بۆ 25 ساڵ بووە.

  H.J