نێچیرڤان بارزانی: به‌غدا پابه‌ندە به ناردنی بڕی پارەی دیاریكراو بۆ ھەرێم
K24 - ھەولێر
دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆدا باسیان لە پڕۆژەی چاكسازی و زێدەڕۆیی و تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان و بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: " پرسی زێدەڕۆیی كراوه و به یاسایه‌ك كه ئه‌مڕۆ تاوتوێكراوه و ره‌وانه په‌رله‌مان ده‌كرێت، لەوێ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
روونیشی كردەوە: "زێدەڕۆیی چه‌ند به‌شێكی جیاوازی هه‌یه، ئه‌وانه‌ی له‌ناو سنووری شاره‌وانییه‌كانن، تاپۆ ده‌كرێن و سنوورێكیش بۆ ئه‌و ته‌جاوزانه داده‌نرێت و حكوومه‌ت رێگه به‌وه نادرێت".
لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ھیچ رێككەوتنێك لەنێوان حكوومەتی ھەرێم و عێراق و ئەمریكا نییە، بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە".
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چوونی شاندی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، ته‌نها له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه گوێبیستی ئه‌وه بووه شاند بچێت، ئه‌گه‌رنا هیچ شتێكی وا نه‌بوو، روونیشی كرده‌وه، ئاسایی و سرووشتییه شاندی به‌غدا بێن و شاندی هه‌ولێریش بچێته به‌غدا.
له‌باره‌ی ناردنی بڕه پاره‌كه‌ش، رایگه‌یاند، به‌غدا پابه‌ندە به ناردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی دیاریكراوه.
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به مووچه‌ی پاسه‌وانان كه ئێستا به هۆی سیسته‌می پاشه‌كه‌وت گرفتی هه‌یه، ئەوەی خستەڕوو، كێشه‌یه‌ك هه‌بووه له‌و مه‌سه‌له‌یدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و دارایی سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی بابه‌ته‌كه‌ت و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
لەبارەی پڕۆژە یاسای چاكسازی، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، یاساكه بۆ ئه‌وه نێردراوه‌ته په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، هه‌نگاوێكی "زۆر باشه" بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان بكرێت، هه‌موو هه‌وڵێكیش بۆ ئه‌وه‌یه په‌سه‌ند بكرێت و له په‌رله‌مان ده‌ربچێت.
دەربارەی كێشه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان بۆ توركیا، سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند، ئه‌وان له گفتوگۆی به‌رده‌وام دان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره و به‌و هیوایه‌ن بتوانن ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به پێكهێنانی هێزی هاوبه‌ش و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركووك، رایگه‌یاند، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌مه‌ریكا هیچ دانووستانێكی فه‌رمی نییه.
راشیگه‌یاند، نیگه‌رانن له تێكچوونی ئارامی ئه‌و ناوچانه و هه‌موو شتێكیش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه، حكوومه‌تیش ئاماده‌یی هه‌یه بۆ هه‌موو هه‌نگاوێك له‌و باره‌یه‌وه.
تایبەت بە پرسی هه‌ڵبژاردن له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند، له هه‌ڵبژاردندا هه‌موو شتێك چاوه‌ڕوانكراوه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌یه مه‌جالی پارتی نه‌دراوه باره‌گای هه‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه پارته‌كانی دیكه هه‌یانه و رێگه‌یان پێدراوه، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی بایكۆتكردنیش پرسی سه‌قامگیری و ئه‌منی بووه.
نێچیرڤان بارزانی ھێمای بۆ ئەوەكرد، هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تایبه‌ته به عێراق، هه‌ر پارتێكی سیاسی عێراقی ده‌توانێت له كوردستان كاندیدی هه‌بێت و حزبه كوردستانییه‌كانیش ده‌توانن له به‌غدا و به‌سرا و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش هه‌بێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست نیگه‌رانیش بێت، روونی كرده‌وه، پێی نیگه‌ران نین.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له باره‌ی هێرشه هاوبه‌شه‌كه‌ی سه‌ر سووریا، رایگه‌یاند، هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونه، هه‌رێمی كوردستان گه‌وره‌ترین قوربانی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی بوو، دوێنی یادی كیمیابارانكردنی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسان بووه و پێشتریش یاده‌كانی هه‌ڵه‌بجه و شوێنه‌كانی دیكه بووه.
دووپاتیشی كرده‌وه، هه‌ر رێكارێك بۆ رێگه‌گرتن له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی بگیرێته‌به‌ر وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم پشتیوانی ده‌كه‌ن، چونكه گه‌لی كوردستان گه‌وره‌ترین قووربانییه.
له باره‌ی دابه‌شكردنی پارچه زه‌وی نیشته‌جێبوونیش، روونی كرده‌وه، به‌رنامه هه‌یه دابه‌ش بكرێت، به‌ڵام كاته‌كه‌ی دیار نییه و تا ئیستا له‌سه‌ر میكانیزمی دابه‌شكردنه‌كه رێكنه‌كه‌وتوون.
لەبارەی رەوشی كوردستان و بەردەوامبوونی حكوومەت لە دابەشكردنی مووچە، سەرۆكی حكوومەت روونیكرده‌وه، به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌كه پێوانه بكرێت، ئێستا "زۆر باشتره"، هه‌نگاوه‌كان به گشتی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ن نه‌ك دواوه، ئه‌گه‌رچی به دڵی ئه‌وانیش نییه.
له وه‌ڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان 24، دەربارەی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی ھەولێر و تاران. نێچیرڤان بارزانی، رایگه‌یاند، ئه‌وان خۆشحاڵن به ده‌ستپێكردنه‌كه‌ی گه‌شته‌كان و هه‌واڵێكی باشه و خۆشحاڵن، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و تاران و وڵاتانی دراوسێ باشه.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، چوونی وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێم بۆ توركیا، له سه‌ر بانگهێشتی وه‌زیری وزه‌ی توركیا بووه و له په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردووه و قسه‌یان كردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وان چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی زیاتر بۆ ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و هه‌ولێر.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، توركیا وڵاتێكی گرنگه و خوازیارن په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ره‌وپێشتربه‌رن.
سه‌باره‌ت به پرۆژه یاسای چاكسازی روونی كرده‌وه، پێویسته په‌رله‌مان پرۆژه‌كه په‌سه‌ند بكات و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن، به‌ڵام به گشتی یاساكه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه هه‌ندێك كه‌س یاساكه به به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌زانن.