شەڕی تورکیا و پەکەکە 11 گوندی زاخۆ بە کریستیانەکان چۆڵدەکات

kurdistan24.net


K24 - زاخۆ

تۆپباران و ئۆپەراسیۆنی تورکیا و شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەنێوان ئەوان و پەکەکە، بووەتە هۆی چۆڵکردنی 11 گوندی مەسیحیان لە سنووری قەزای زاخۆ.

ھارسن جەمیل، هاووڵاتییەکی مەسیحییە و خەڵکی گوندی دەشتی تەخیە، خاوەنی هاوینەهەوارێکە لە گوندەکە و یەکێکە لەوانەی زیانێکی زۆری ماددی بەرکەوتووە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا.

هارسین دەڵێ "لەماوەی سێ ساڵدا نزیکەی 40 دەفتەر (400 هەزار دۆلار)ـم لەو پرۆژەیەم خەرج کرد، ئێستا هەشت کارمەندم هەیە و رۆژانە بەبێ هیچ شتێک دەبێت 500 دۆلار بدەمە کارمەندەکانم بە خواردن و خواردنەوە و مووەلیدەیان، هەمووی لەسەر من حیسابە، کەچی رێگەی هاتن و چوون گیراوە لەبەر تورکیا و پەکەکە، ئەوان بۆردوومان دەکەن و خەڵک مەجبوور نییە خێزانی خۆی بهێنێتە ئێرە لەبەر ئەو بۆردوومانە".

بەردەوامبوونی شەڕ و تۆپباران و بۆردوومانەکان لە نزیک گوندە مەسیحینشینەکان ترسی ئەوانی زیاتر کردووە و زۆربەیان تووشی ئاوارەیی بوون. قەشەیەکی دەڤەرەکە قسە بۆ کوردستان 24 دەکات و دەڵێ "نامانەوێت کێشە دروست ببێت، بەڵکو دەمانەوێت هەمووان لەسەر خاک و گوندی خۆیان بن".

 

 

هـ.ر.