"داواكارییه‌كانی كورد له‌ بودجه‌دا جێگیر كراون"

پێشبینی دەكرێت لەم مانگەدا بودجەی عێراق پەسند بكرێت

K24 - ھەولێر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، زۆربەی داواكارییه‌كانی كورد لە بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراقدا جێگیر كراون. هه‌روه‌ها  هەڵەبجەش وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ كراوە.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و وه‌زیری دارایی، دوێنێ هەینی به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی فەیسبووك بڵاویكردەوە "زۆربەی داواکارییەکانی کورد لە پڕۆژەی بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراقدا جێیان کراوەتەوە".

ھەروەھا پێشبینی كردووە، لە ماوەی ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق بودجەی گشتیی ئەمساڵ پەسند بكات.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیكردەوە "لە پڕۆژەى گشتیی بودجەی ئەمساڵی عێراقدا، مووچەى فەرمانبەران و پارەى پێشمەرگە جێگیر کراون، هەروەها هەڵەبجە وەک پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان مامەڵەى لەگەڵ کراوە".