به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی لیستی 183ی پارتی له‌ سلێمانی ده‌ستیپێكرد

K24 - سلێمانی:

به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی ده‌ستیپێكرد.

ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 30/9/2018 به‌ڕێوه‌بچێت، جگه‌ له‌ پارتی 27 قه‌واره‌ و لیستی دیكه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی 100 كورسی و 11 كورسی كۆتای پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن.

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دروشمی (بنیاتنانی كوردستانێكی به‌هێز) به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی دارشتووه‌و به‌ڵێن به‌ ده‌نگده‌رانی ده‌دات پاش سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كار بۆ جێبه‌جێكردنیان بكات.

پارتی له‌ به‌رنامه‌كه‌یدا و له‌ بواری سیاسیدا پێیوایه‌: "سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی ده‌بێته‌ هۆی بەهێزکردنی دەنگ و سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا و لە هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا و خەباتی بەردەوام بۆ تێگەیاندنی هەموو لایەک لە مافی ڕەوای چارەنووسی گەلی کوردستان ده‌كات".

پارتی له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌كه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كار بۆ "بەدیهێنانی کۆدەنگییەکی کوردستانی لە پێناو ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنێ  و لەسەر نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کۆک و یەکڕیز بێت تا ببێتە زامنی پاراستنی مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەشی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە سەروەت و سامانی هه‌موو عێراق".

هه‌روه‌ها "پێداگیریی لە سەر پابەندبوون بە  بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگیی لە ئیدارەی عێراقدا وەک پرنسیپ بۆ بەشداریی لە حکومەتی نوێی فیدراڵی ده‌كاته‌وه‌".

پارتی ده‌ڵێت: "كار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی ده‌ستوور ده‌كات و پێداگریی لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیاریکردنی سنووری کوردستان و کۆتاییهێنان بە دواخستن و خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی ده‌كات".

له‌ بواری سیاسیدا پارتی "دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز، کە بتوانێ دەسەڵات و سه‌روه‌ریی یاسا و شەرعیەت لەسەرتاسەری کوردستاندا پیادە بکات و یەکپارچەیی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان بپارێزێ و کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی ئەحزاب و یاساشکێنی و سیاسه‌تی دووفاقی و فەوزای سیاسی و ناوچەگەری بهێنێ" وه‌ك ئه‌ركی داهاتووی خۆی دیاریكردووه‌.

هه‌روه‌ها "نووسینەوەی دەستوورێکی کوردستانیی هاوچەرخ، کە ببێتە مەرجەعی چارەی گرفتەکان و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی سیاسی، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەستنیشان و دابینبکات" له‌ به‌رنامه‌ی سیاسی ئه‌و حزبه‌دا خراوه‌ته‌روو.

له‌ رووی ئیدارە و ئابووری و ریفۆڕمى گشتی لیستی پارتی رایگه‌یاندووه‌: "پێداچونەوەیەکی میتۆدیانەی گشتی بە ئابووری کوردستاندا ده‌كات لەسەر بنەمای زیادکردنی جۆره‌كانی سەرچاوەی داهات و پشت نەبەستن بە کەرتی نەوت بەتەنیاو بوژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەگەڕی و گەشتیاری تا ببنە هاریکاری کەرتی نەوت. هاندانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لەو بوارانەدا و دەرچواندنی هەر یاسا و رێسایەک کە بۆ ئاسانکاریی لەو بوارانەدا پێویست بن".

هه‌روه‌ها له‌ به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیستی پارتیدا هاتووه‌: "جیا لەو رێکارانەی تا ئێستا بۆ شەفافیەت و زوڵاڵیی لە بواری داهاتەکانی نەوتدا لە لایەن حکومەتی هەرێم پەیڕەو کراوە، رێکاری دیکەی پێویست بۆ هەرچی زیاتر شەففافیەت لە تێکڕای بوارەکانی داهات و خەرجیدا ده‌گیرێتەبەر".

له‌باره‌ی بوودجه‌ی كوردستانیشه‌وه‌ لیستی پارتی به‌ڵێنیداوه‌: "دوای چوار ساڵ بێ بوودجەیی، جارێکی دیکە و بە پێی ئەولەویاتی سێکتەرە هەرە پێویستەکان و بۆ خزمەتی پرۆسەی گەشەپێدان و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان گەڵاڵە بکرێ، كه‌ وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستی و ئەولەویەتی خەڵک بێ و هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە و هەموو ناوچە جیاجیاکان لێی سودمەند بن".

لیستی پارتی كه‌رته‌كانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشت وگوزاریش له‌ كارنامه‌كه‌یدا جێگه‌كردووه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌: "بایەخدانی زیاتر بەم کەرتانە، کوردستان رزگار دەکات لە پشتبەستنی سەرەکی بە داهاتی نەوت، بۆیەش لیستی پارتی هەوڵ دەدات ئەو کار و هەنگاوانەی پێش قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بوژاندنەوەی ئەو کەرتە ئابورییانە کراون، بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە درێژەیان پێبدرێ و بکرێنە ئەولەویەت".

له‌ به‌رنامه‌ی لیستی 183ـی پارتیدا "پشتگیریی زیاتری جوتیاران و پیشەوەران و دابینکردنی پێویستییەکانی پەرەپێدانی پڕۆژە و کارگە و کێڵگە و باخ و سامانی ئاژه‌ڵیی، تا کوالێتی و ئاست و چەندایەتی بەرهەمەکانیان بەرز بێتەوە و پێداویستییەکانی نێوخۆ تێر بکات" به‌ روونیی باسكراوه‌..

هه‌روه‌ها هەموار و کاراکردنی هەموو ئەو یاسا و رێسایانەی، کە بەرهەمی خۆماڵی لە کێبەرکێی دەرەکی و زیانپێکەوتن دەپارێزن. پاراستن و گلدانەوە و رێگرتن لە بەفیڕۆچوونی ئاو و سەرچاوەکانی ئاودێری. درێژەدان بە زیادکردنی ژمارەی بەنداوەکان و ئیدارەدانێکی خەمخۆرانەتری سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی". وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی هةلبژاردنی لیستی پارتیدا ئاماژه‌ی پێكراوه‌.

له‌ بواری خزمەتگوزارییەکانی ژێرخانیشدا لیستی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەر لە بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی، زۆربەی کەم و کورتییەکانی خزمەتگوزاریە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا و ئاو و رێگاوبان و گواستنەوە و سووتەمەنی و شارەوانی و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی چارەسەر کرد. بەرهەمی کارەبا بووە چەند بەرامبەری جاران گەرچی لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێناندا هەر لە کێبەرکێدا بوو. پڕۆژەکانی ئاو هەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە. تۆڕێکی فراوانی شەقام و رێگاوبان و پرد لە سەرتاسەری کوردستان راکێشران. سووتەمەنی و جۆرەکانی بە نرخی گونجاو و بە کوالێتییەکی لەبار دابین کران. جێدەستی شارەوانییەکان بە جوانکاریی و خاوێنڕاگرتنی شارەکانەوە بینران. بەڵام دیسان قەیرانی دارایی ئاستەنگی خستە بەردەم ئەو پرۆسەیە و بۆ چەند ساڵێک لە گەشەی وەستاند و نەیهێشت ئەو پڕۆژە تەواوکاریانە بەرهەم بێن، کە لە هەریەک لەو سێکتەرانەدا بڕیاریان لێدرابوو. سەرباری ئەوەیش خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بوون ئەگەر بە کەم وکورتیشەوە بووبێت. بۆ داهاتوویش لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێن دەدات کاربکات بۆ دەستپێکردنەوەی پەرەپێدان لەهەر یەک لەو سێکتەرانەدا، کە قەیرانی دارایی لە گەشەی وەستاندبوون".

لیستی پارتی باسی خزمه‌تكردنی زیاتری پێشمەرگە و شەهیدان و ئەنفالکراوان ده‌كات و ده‌ڵێت: "لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگەی پارێزەری کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز و  و ئەنفالکراوان بە شەرەفێکی مەزن و شانازییەکی بێوینە دەزانێ و بۆیەش کاردەکەین بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لەشکرێکی نیشتمانی بەهێز و پڕمەشق و پڕچەکدا به‌لادانی ئاسته‌نگه‌ دروستكراوه‌كانی به‌رده‌می".

هه‌روه‌ها "وەرگرتنەوەی ماف و بەرکەوت و شایستە زەوتکراوەکانی پێشمەرگە لە حکومەتی فیدراڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان بە جۆرێک، کە لەگەڵ پیرۆزیی ئەرکەکەیان بگونجێ".

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش "دابینکردنی خزمەتی زیاتر بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال و تەواوکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیان به‌بێ جیاوازی و بەرزترکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانیان و بایەخی تایبەت بە مناڵەکانیان لە بواری دابینکردنی خوێندن و تەندروستی و هەلی کارەوە و هه‌وڵدان بۆ پاراستن و پێشخستنی ئه‌و سه‌قامگیریی و ئاسایشه‌ دابینكراوه‌ی ساڵانێكه‌ به‌ هیمه‌تی ڕۆڵه‌ چاوکراوەكانی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كوردستان ده‌سته‌به‌ركراوه"‌.