ئەم وەرزە دیار عەلی بە تەنیا یانەیەکە.. گۆڵەکانی نەبوونایە ئێستا نەورۆز لە پلەی دوازدەم دەبوو!

حەمکە بە 17 گۆڵ 13 خاڵی بۆ نەورۆز بەدەستهێناوە و بەشداریی %60ی گۆڵەکانی یانەکەی کردووە
kurdistan24.net

دیار عەلی ئەم وەرزە لە خولی نایابی کوردستان هەفتە لە دوای هەفتە دەدرەوشێتەوە، بە تۆمارکردنی 17 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە و نزیکە خەڵاتی گۆڵکاری خولەکە بەدەست بهێنێت، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانی خەڵاتی گۆڵکاری خولی پلە یەکیشی بەدەستهێنابوو.

دیار عەلی هێرشبەری یانەی نەوۆز ئەم وەرزە بە گۆڵەکانی سەرکردایەتی یانەی نەورۆز دەکات و لە زۆربەی یارییەکان بووەتە فریادڕەسی نەورۆز.
دوایین گۆڵی دیار عەلی بەرامبەر ئارارات بوو، دیار عەلی بەو گۆڵەی خاڵێکی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا و لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی نایابی کوردستان بووە خاوەنی 17 گۆڵ.
دیار عەلی کە بە ‌حەمکە ناسراوە، لەم وەرزە لەگەڵ نەورۆز لە کۆی 20 یاریی بەشداریی 19 یاریی کردووە، 17 گۆڵی کردووە و سێ گۆڵیشی دروستکردووە، واتە لە کۆی ئەو 33 گۆڵەی ئەم وەرزە نەورۆز تۆماریکردوون، حەمکە بەشداریی 20 گۆڵی کردووە، کە دەکاتە%60ی گۆڵەکانی یانەکەی لە خولەکە.
دیاری 27 ساڵان یەکەم وەرزە بۆ نەورۆز یاریی دەکات، بەڵام ئەم وەرزە هەفتە لەدوای هەفتە دەدرەوشێتەوە و نزیکە ببێتە گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو حەمکە خەڵاتی گۆڵکاری پلە یەکیشی بەدەستهێنا و رۆلێکی کاریگەری لە سەرخستنی پێشمەرگەی سلێمانی هەبوو بۆ ریزی یانە نایابەکانی کوردستان.
جگە لە یاریی بەرامبەر ئاکرێ لە قۆناخی یەکەم کە بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە رەنگاورەنگەکانی بەشداریی نەکرد، لە سەرجەم یارییەکانی دیکەی نەورۆز ئامادە بووە، هاندەرانی یانەی نەورۆز چاویان لە حەمکەیە بۆ ئەوەی بۆیەکەمجار نازناوی خولی نایابی کوردستان بۆ یانەکەیان بەدەست بهێنێت.
دیار عەلی بەو 17 گۆڵەی لەم وەرزە تۆماریکردوون، لە کۆی 34 خاڵی یانەکەی حەمکە 13 خاڵی بۆ یانەکەی بەدەستهێناوە، ئەگەر گۆڵەکانی دیار عەلی بۆ یانەی نەورۆز هەژمار نەکرێن، ئەوا ئێستا نەورۆز لە پلەی دوازدەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان خاوەنی 21 خاڵ دەبوو، چونکە ئەگەر بەرامبەر ئارارات و ئاکرێ و دهۆک و دەربەندیخان و زێرەڤانی و شێروانە و هەولێر برایەتی، گۆڵەکانی دیار عەلی نەبوونایە، نەورۆز نەیدەتوانی ئەوەندە خاڵ بەدەست بهێنێت، کە ئەو هێرشبەرە لاوە بەرامبەر ئارارات لە یاریی چوون و گەڕانەوە گۆڵی کرد.

ریزبەندیی گۆڵکارانی خولی نایابی کوردستان دوای تێپەڕبوونی 20 گەڕ
ریزبەندیی گۆڵکارانی خولی نایابی کوردستان دوای تێپەڕبوونی 20 گەڕ