ھاووڵاتییان داوا دەكەن لایەنەكان بە ھێمنی بانگەشە بكەن

دوای ھەڵبژاردن لە بەغدا یەكگرتووبن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ھاوشێوەی سەرجەم شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانیش بانگەشەی لیست و کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، ھاووڵاتیانیش داوا دەکەن کە بانگەشەکان دووربن لە توندوتیژی و بە ئارامی بەڕێوەبچن.

لەگەڵ دەسپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ھیچ شوێنێك لە شەقامە گشتی و ناسراوەكانی سلێمانی نەماوە کە وێنە و درووشمی لیست و کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی تێدانەبێت، بانگەشەکان دەستیان پێکردو ھاووڵاتیانیش ئاشنا دەکرێن بە کاندیدەکان و بەرنامەی لیستەکان، بەڵام ئەوەی بە لای ھاووڵاتییانەوە گرنگە ئەو بانگەشانە دووربێت لە زمانی زبرو یەکتر شكاندن.

محەممەد عومەر، ھاووڵاتییەكی شاری سلێمانیە و بە كوردستان24 گوت: "ھیوادارین لایەنەكان پاپەندبن بە رێنماییەكانی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان، خۆیان بە دوور بگرن لە ھێرشی راگەیاندن بۆسەر یەكتر، ھەروەھا دوای ھەڵبژاردن لە بەغدا یەكگرتووبن، بۆ بەدەستھێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد".

ھەر لەسەر ئەو پرسەعەبدول حوسێن، ئەویش ھاووڵاتییەكی دانیشتووی سلێمانییە و دەڵێت: "داوا لە ھەموو لایەنەكان دەكەین بانگەشەكان بە ئارامی و دوور لە توندوتیژی بەڕێوەبچێت، ھیچ كەس نەبێتە قوربانی شەڕە پەڕۆ و ململانێی نێوان لایەنەكان".

ھاووڵاتییەكی دیكەی سلێمانی بەناوی پێشەوا رەسوڵ، بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "ھیواخوازین ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق ئەنجامی باشی ھەبێت بۆ گەلی كورد، نەبێتە ھۆی دووبەرەكی و سێبەرەكی لەنێوان لایەنەكان، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان دڵی پێخۆش بێت، ھەروەھا ھەموو لایەنەكان كار بۆ گێڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بكەن بۆ سەر كوردستان".

بڕیارە 12ی ئایاری 2018 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت و نزیکەی مانگێك بانگەشەکان بەڕێوەدەچن. لە ھەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 3 ملیۆن و 144 ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و 25 قەوارە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا دەکەن.

ھ.م