حکوومەتی عێراق چەند فەرمانگەیەكى فيدرالى لە پارێزگای سلێمانی دادەخات

بەڕێوەبەری کارتی نیشتمانی ورده‌كارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا کارکردن لە بەشێك لە فەرمانگە فيدرالييه‌کانی پارێزگای سلێمانی ڕابگرێت، بە تایبەت ئەو فەرمانگانەی کە تایبەتن بە کاری دەرھێنانی کارتی نیشتیمانی و ڕەگەزنامە.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە پێویستی دەزانێت لەو بڕیارەدا تایبەتمەندێتی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.

حکومەتی عێراق ماوەی چەند ساڵێکە بڕیاریداوە کە ھەر ھاووڵاتیەکی عێراقی پێویستە کارتی نیشتمانی دەربھێنێت، بڕیارەکە ھەرێمی کوردستانیشی گرتەوە و ڕۆژانە لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە تایبەتن بە دەرھێنانی کارتی نیشتمانی ھاووڵاتیان ڕێکارەکانی بوون بە خاوەنی کارتی نیشیتمانی جێبەجێدەکەن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی عێراق کارکردن لە بەشێك لەو فەرمانگانە ڕادەگرێت.

بەڕێوەبەری کارتی نیشتمانی سلێمانی دەڵێت بڕیارەکەیان بەدەست گەشتووە  بە ھەماھەنگی ھەردوو حکومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق، ئەو بڕیارە دراوە و بڕیارەکەش سوودی دوو لایەنەی ھەیە بۆ ھەردوو لا.

لە بڕیارەکەدا ھاتووە: "فەرمانگەی باری شارستانی سیوەیل ڕادەگیرێت و لەگەڵ فەرمانگەی باری شارستانی شارباژێر تێکەڵ دەکرێت، فەرمانگەی باری شارستانی ناڵپارێز لەگەڵ پێنچوێن تێکەڵ دەکرێت، فەرمانگەی باری شارستانی چناران لەگەڵ دوکان تێکەڵ دەکرێت و فەرمانگەی باری شارستانی بنگرد لەگەڵ فەرمانگەی باری شارستانی ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی تێکەڵ دەکرێت".