سەربوردەی مۆندیال.. بەهۆی نەبوونی ئاڵای کۆڕنەکان یاریی کۆتایی مۆندیالی 1974 دواکەوت

ئەو رووداوانەی لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە مۆندیال روویانداوە
kurdistan24.net

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا 44 ساڵ لەمەوبەر دەیەمین وەشانی مۆندیال لە ئەڵمانیای رۆژئاوا دەستیپێکرد.

بەھۆی رێککەوتنێکەوە ئەڵمانیای رۆژئاوا پشتگیری ئیسپانیای بۆ بەدەستھێنانی مافی میوانداریکردنی مۆندیالەکە بەدەستھێنا، لە بەرامبەر ئەوەدا پشتگیری ئیسپانیای کرد تاکو مافی میواندرایکردنی مۆندیالی 1982ی پێبەخشرا.

مۆندیالی 1974 لە نۆ شاری جیاواز بۆ ماوەی 25 رۆژ بەردەوام بوو.

لە یاریی کردنەوەی مۆندیالەکەدا، لە فڕانکفۆرت بە ئامادەبوونی نزیکەی 60 ھەزار ھاندەر بڕازیل و یوگسلاڤیا بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، بەھۆی یاساکانی ئەوکاتی مۆندیال پاڵەوانی وەشانی پێشووتر یاریی کردنەوەی ئەنجام دەدا، بڕازیل دوای بەدەستھێنانی نازناوی مۆندیالی 1970 لەم مۆندیالە پلەی چوارەمی بەدەستھێنا.

گەرچی لە مۆندیالی 1970وە فیفا بڕیاری بەکارھێنانی کارتی سووری لە یارییەکانی مۆندیال دابوو، بەڵام ھیچ یاریزانێک لەو مۆندیالە کارتی سووری وەرنەگرت، بەڵام لەمۆندیالەکەی 74 یەکەم کارتی سوور بەکار ھات و بەڕووی کارلۆس کازالی یاریزانی چیلی لە یاریی بەرامبەر ئەڵمانیای رۆژئاوا بەڕووی دا بەرزکرایەوە.

دوای ئەوەی لە مۆندیالی 1970 جامی جۆل ریمیێ بە بڕازیل بەخشرا، لەم مۆندیالە ئەڵمانیای رۆژئاوا بووە یەکەم ھەڵبژاردە جامە زێرینەکە بەدەست بھێنێت، کە فیفا جامێکی تایبەتی بە جامی مۆندیال دروستکرد و لەوکاتەوە تاکو ئێستا ئەم جامە بە پاڵەوانی مۆندیال دەدرێت و ناوی پاڵەوانەکان لە ژێرەوەی جامەکە دەنووسرێت، کە تاکو2038 شوێنی نووسینی ناوی پاڵەوانەکان دەمێنێت.

یاریزانانی ھەڵبژاردەی زائیر کە ئێستا بووەتە کۆنگۆی دیموکراتی، بە ھەڵە و ھەڵسوکەوتە سەیرەکانیان لەم مۆندیالە ھەمووانیان شۆک کردبوو، بەشێکی زۆریان ھیچیان لە یاساکانی تۆپی پێ نەدەزانی، بەرامبەر بڕازیل بەرگریکارێکی زائیری ھەڵسوکەوتێکی سەیری کرد.

لە یاریی کۆتایی کە لە نێوان ھۆڵەندا و ئەڵمانیای رۆژئاوا بەڕێوەچوو، بەھۆی نەبوونی ئاڵای کۆڕنەکانی یاریگەوە ھەشت خولەک یارییەکە دواکەوت، بەھۆی ئاھەنگی کۆتایی مۆندیالەکە ئاڵاکانی کۆڕنەکان لابرابوون و دانەنرابوونەوە، بۆیە جاک تایلۆری ناوبژیوانی ئینگلیزی ناچار بوو 8 خولەک یارییەکە دوابخات و لە کۆتاییشدا ئەڵمانیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ھۆڵەندای بردەوە و بووە پاڵەوانی مۆندیالەکە.