زیاتر لە 300 خوێندکارى کەرکووك لە زانکۆکانى کوردستان وەرگیران

"بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ناوەكانیان سەردانی نووسینگەی كەركووكی وەزارەت بكەن"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، لەسەر راسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا، ناوەندى وەرگرتن لە دیوانى وەزارەت رەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى 305 خوێندکارى کەرکووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: "ماوەى سێ ساڵە وەزارەتەکەمان لەسەر راسپاردەى د. یوسف گۆران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارئاسانى تەواوى کردوە بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەى لە قوتابخانە کوردییەکان دەخوێنن".

روونیكردەوە: "ئەمساڵ وەزارەتەکەمان بەنوسراوى ژمارە (17339) لە رێکەوتى 29/11/2017،  رەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى 305 خوێندکارى شارى کەرکووك و ناوچە دابڕێندراوەکان، لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرو کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى 2017-2018".

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داواى لە خوێندکاران کرد: "بەتایبەت ئەوانەى داواکارییان پێشکەشکردووە لە زوترین کاتدا سەردانى نوسینگەى کەرکووكى وەزارەتەکەمان بکەن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەى ناوەکانیان و دەستکردن بەمامەڵەى وەرگرتن لە زانکۆکانیان".