مەسروور بارزانی: زۆر وڵات ھەن دان بە دەوڵەتی كوردستاندا دەنێن

"ئێستا باشترین کاتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێ زۆر وڵات هەن دان بە دەوڵەتی كوردستاندا دەنێن.

مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداری لە بەرنامەی رێگای بەرەو سەربەخۆیی کە کوردستان24، پەخشی دەکات رایگەیاند: "پێمان وایە ئێستا باشترین کاتە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئەگەر گەلی کوردستان بڕیار لەسەر سەربەخۆیی بدات لەو باوەڕەداین کە زۆرێك لە وڵاتان ئامادەن دان بە دەوڵەتی كوردستاندا بنێن".

مەسروور بارزانی گوتی: "ئێستا لە ھەموو سەردەمێكی تر ئامادەیی تێدایە بۆ ئەوەی ئێمە بەرەو سەربەخۆیی بچین، ھەم خەڵكی كوردستان ئامادەترە، ھەم پشتیوانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەك ئامادەترە كە دەتوانم بڵێم، دژایەتی دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان ناكرێت".

بڕیارە 25 ئەیلوول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، لە رۆژانی رابردوودا چەندین شاندی وڵاتانی جیھان بۆ دواخستنی كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و داوایان لە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسی كوردستان كردووە كە ریفراندۆم دوا بخرێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھیچ بە دیل و گرەنتی نێودەوڵەتی، ھەرێمی كوردستان سوورە لەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم.