دەنگبێژی ناوداری باكووری كوردستان سەیدخانی بۆیاخچی كۆچی دوایی كرد

هونەرمەندی میللی ماڵی دەنگبێژان بوو
kurdistan24.net

K24- هەولێر:

دەنگبێژی ناوداری دیاربەكری باكووری كوردستان، سەیدخانی بۆیاخچی لە تەمەنی 99 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

محەمەد شیمشەك، كوڕی دەنگبێژی كۆچكردوو بە كوردستان 24ی راگەیاند، باوكی بۆ ماوەی زیاتر لە 76 ساڵ گۆڕانی و لاوكی بۆ ئێش و ئازار، ئەڤین، دەشت و چیاكانی وڵاتەكەی چڕیووە، بەڵام ماوەی ساڵ و نیوێك بوو بەهۆی نەخۆشی پەكی كەوتبوو.

تەرمی سەید خانی بۆیاخچی لە گۆڕستانی یەنیكۆ لە دیاربەكر بەخاك سپێردرا.

دەنگبێژ سەیدخانی بۆیاخچی بە درێژایی تەمەنی سەدان گۆرانی و لاوكی خستووەتە ناو ئەرشیڤی گۆرانی كوردی.  

هونەرمەندی ماڵی دەنگبێژان بوو

سەیدخانی بۆیاخچی یەكێك بوو لە هونەرمەندانی ماڵی دەنگبێژان، ماوەی چەندین ساڵ بۆ خەڵك و گەشتیاران گۆرانی ئەڤینداری، جوامێری "چاونەترسی"، سۆزداری، دەشت و چیا و كوێستانەكانی كوردستانی چڕیووە.

25 ساڵ كاری بۆیاخچیەتی كردووە

ناوی راستەقینەی ئەو دەنگبێژە سەیدۆ شەمشەكە، بەڵام بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی پەیدا بكات، ماوەی 25 ساڵ لە كۆچە و كۆڵانەكانی ناوچەی سووری دیاربەكر كاری بۆیاخچیەتی كردووە. ھەروەھا كاری حەمباڵی، شوانكاری و فرۆشتنی ئاویشی كردووە.

ئازارێكی زۆر.. 7 لە منداڵەكانی دەمرن

ژیانی سەیدخانی بۆیاخچی وەك ژیانی هەر دەنگبێژێكی دیكەی باكووری كوردستان پڕە لە ئێش و ئازار و مەینەتی، تەمەنی تەنیا 2 ساڵ بوو كاتێك دایكی كۆچی دوایی كردووە و لە تەمەنی 4 ساڵیدا باوكی ون دەبێت. لەلای مامی گەورە دەبێت و دوای ئەوەی هاوسەرگیری دەكات، 7 منداڵی بە دوای یەكدا دەمرن.

هونەرمەندی ناوبراو سەرتاپای تەمەنی خۆی لەناو ماڵ و خێزانەكەیدا بەبێ خزم و كەسی بەسەر دەبات. ئەو دەیگوت: "من زۆر جار بەشداری فێستیڤاڵەكانم كردووە، لە زۆر بەرنامەدا گۆرانیم گوتووە، بەڵام دوای ئەوەی نەخۆش كەوتم، هەمووان منیان بە تەنیا جێهێشت".

H.B