سه‌رۆك بارزانی: پارتی له‌ درووشم و كرداردا پێشه‌نگه‌

گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌ بۆنه‌ی 73 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەماندایە و لە پێناو سەرفرازی و ئازادیی گەله‌کەماندا، هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان، قوربانی زۆری داوە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سیاسەتێکی ڕاست و دروست و ڕاشکاوانەوە خەباتی کردووە و ئامانجی ستراتیژی دەستنیشان كردووە و تا ئەمڕۆش بەپێڕەوی کردن لە ڕێبازی بارزانی، وەک ڕێگەی ڕاستی کوردایەتی، لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگە ".‪ 

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی شانزەی ئاب، حەفتاوسێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. هەروەها، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵکی كوردستان دەكەم‪.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەماندایە و لە پێناو سەرفرازی و ئازادیی گەله‌کەماندا، هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان، قوربانی زۆری داوە‪. 

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سیاسەتێکی ڕاست و دروست و ڕاشکاوانەوە خەباتی کردووە و ئامانجی ستراتیژی دەستنیشان كردووە و تا ئەمڕۆش بەپێڕەوی کردن لە ڕێبازی بارزانی، وەک ڕێگەی ڕاستی کوردایەتی، لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگە. 

لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم، جارێکی دی سوپاسی خۆڕاگری و كۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوەی ئازیز، سەرمایەی لەبننەهاتووی پارتییە و هێزی زیاترمان دەداتێ و هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان، پتەوتر دەکات. 

 سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدان، سڵاو لە پێشمەرگە، بژی كوردستان

هەمیشە شاد و سەرفراز بن 

مسعود بارزانی

15ـی ئابی 2019