فۆرین پۆڵه‌سی: ئێران ئه‌ندازیاری پیلانی كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بوو له كه‌ركووك
K24 - هه‌ولێر:
گۆڤاری فۆرین پۆڵه‌سی ئه‌مه‌ریكی، وتارێكی شیكاری توێژه‌رێكی سیاسی رۆژنامه‌ی "جیرۆزالیم پۆست" بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ده‌ڵێت: "ئێران شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی برده‌وه".
جۆناتان سپایه‌ر، له وتاره شیكارییه‌كه‌یدا، روونی ده‌كاته‌وه، چیدیكه عێراق و لوبنان توانای كاركردنییان نییه به‌و شێوه‌یه‌كی كارا، وڵاتانی وه‌كو یه‌مه‌ن و سووریاش به ته‌واوه‌تی داڕماون، كه‌چی هێشتا شه‌ڕ له سه‌ر دار و په‌ردووی داڕماوی ئه‌و دوو وڵاته به‌رده‌وامه و له هه‌موو بارێكیشدا، ئێران سوودمه‌ندی یه‌كه‌مه.
سپایه‌ر له ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به رۆژنامه‌ی "جیرۆزالیم پۆست" كار ده‌كات، نووسیویه‌تی: "گاردی كۆماری (پاسداران)، له عێراق هێزێكی میلیشیای سه‌ربه‌خۆی بڵاوه‌پێكردووه و به فه‌رمیش پشتگیری ده‌كرێت، له 120 هه‌زار چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی پێكهاتووه، هه‌رچه‌نده ته‌واوی ئه‌و هێزه پاڵپشتی ئێران ناكات، به‌ڵام سێ میلیشیای سه‌ره‌كی حه‌شد سه‌ر به ئێرانن، ئه‌وانیش رێكخراوی به‌در، عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق و كه‌تائیبی حزبوڵڵان".
ئه‌و نووسه‌ره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئێران خاوه‌ن هه‌ژموونێكی زۆره و كاریگه‌ری سیاسی له‌سه‌ر به‌غدا هه‌یه، حزبی ده‌عوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت، هاوكات له رێگه‌ی رێكخراوی به‌در، وه‌زاره‌تی ناوخۆی كۆنتڕۆڵكردووه، ئه‌وه‌ش هاوكاربووه بۆ تێكه‌ڵاوكردنی دۆسیه‌ی هێزه چه‌كداره‌كان و گرووپه میلیشیاكان، به‌م جۆره‌ش توانیویانه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، سوود له پاڵپشتی و راهێنانه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرن.
سپایه‌ر روونیشی ده‌كاته‌وه، ئێران له لوبنان سه‌ركه‌وت، له عێراق و سووریاش سه‌رده‌كه‌وێت، له یه‌مه‌نیش به‌رده‌وام ده‌بێت له لێدانی سعوودیه.
سه‌باره‌ت به دژایه‌تیكردنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانیش، جۆناتان سپایه‌ر ده‌ڵێت: "بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم، تاران به خێرایی ده‌ستی به جموجۆڵ كرد، ئێرانییه‌كان توانییان په‌یوه‌ندى به‌هێزه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی له‌و پێناوه‌دا به‌كاربهێنن".
سه‌باره‌ت به كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركووكیش له هێرشه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شد و هێزه عێراقییه‌كان، سپایه‌ر ده‌ڵێت: "ئێران ئه‌ندازیاری پیلانی كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بوو, رێگه‌ی بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی خۆشكرد بۆ ئه‌وه‌ی شاری كه‌ركووكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت، كۆنتڕۆڵ بكه‌ن".
سه‌رچاوه: شه‌فه‌ق نیوز