ئەندام پەرلەمانی هەموو خولەکان لە ئەمڕۆوە دەتوانن دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی ببن

یاسای چاکسازیی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

K24- هەولێر:

یەکێک لە ماددەکانی یاسای چاکسازیی، لەبارە خانەنشینی ئەندام پەرلەمانانی هەرێمی کوردستانە کە دەتوانن ئارەزومەندانە دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی ببن ئەگەر خانەنشینی بیانگرێتەوە.

بەگوێرەی خاڵێکی چاکسازییەکە، ئەندام پەرلەمان دەتوانێت خانەنشین ببێت، بە مەرجێک تەمەنی 45 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت.

هەروەها، فۆرمی دەستبەرداربوونی ئارەزومەندانە لە مووچەی خانەنشینی تا ماوەی 30 رۆژ بۆ هەموو خولەکان بەردەستە. بەشێکی زۆر لە ئەندام پەرلەمانی ئەم خولە، مەرجەکانی خانەنشینی نایانگرێتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت فۆرمی دەستبەرداربوون لە مووچەی خانەنشینی پڕبکەنەوە.

ئەمڕۆ چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تێیدا گۆڕانکاری لە مووچە و دەرماڵەی پلە باڵاکان دەکرێت، هەروەها مووچەی کەسانی ناشایستە دەبڕدرێت و پارەیەکی زۆر بۆ وڵات دەگەڕێتەوە.

فۆرمی دەستبەرداربوون لە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران
فۆرمی دەستبەرداربوون لە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران