بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وادارانی سه‌رپشك ده‌كات

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانراگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نيشتيمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆتايهات و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشدا، بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌وادارانی ئازاد ده‌كات له‌وه‌ی به‌ به‌ڵێ یاخود نه‌خێر بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌نگ بده‌ن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی زۆريانداوە بە یەكڕیزی و نەخشەیەكی تۆكمەوە هەنگاو بنێت بەرەو دروستكردنی پایەكانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و خۆمان بۆ ئایندەیەكی شایستە بە قوربانییەكانی گەلی كوردستان ئامادە بكەین. هەر بۆیە داوای دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆميان بۆ كاتێكی گونجاو كرد و داوايانكرد پێشوازی لە دەستپێشخەری هێزە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتوەكان بكرێت.

هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو هەوڵانە فەرامۆشكران و گرنگی ئەو هەنگاوانە رەچاو نەكران. بۆیە هەر دەرەنجامێكی نەخوازراوی ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە لەم كاتەدا بڕیاریان لەم پرسە داوە.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان راشیده‌گه‌یه‌نێت، حكومەتی بەغداش بەدەر نییە لە پێشێلكردنی دەستوور و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی ترو  جێبەجێ نەكردنی ئەو مادە دەستورییانەی كە مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەكەن.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی گۆڕاندا هاتووه‌: "لەكۆتاییدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بە كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانەوە دەکەینەوە، چونكە لە دروستبونی دەوڵەتی نوێی عێراقەوە تاكو ئەمڕۆ ململانێی سەرەكی نێوان گەلی كوردستان و رژێمە یەك لە دوای یەكەكان لەسەر دیاریكردنی سنوری جوگرافیای باشوری كوردستان بوە. چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كرۆكی چارەسەركردنی كێشەی گەلی كوردستانە لە عێراقدا. بۆیە وەك بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی كوردستان ئازاد دەكەین لە چۆنیێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا".