ته‌نیا بۆ ئافره‌تان.. تایبه‌ته به له‌باربردنی كۆرپه و چاككردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنی
K24- هه‌ولێر:
له بڕیارنامه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌شته‌رگه‌ری له‌باربردنی كۆرپه و چاككردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنی له‌لایه‌ن پزیشكانی ئافره‌ته‌وه قه‌ده‌غه كرد و رایگه‌یاند، "له‌مه‌ودوا ئه‌و جۆره نه‌شته‌رگه‌ریانه ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاره‌وه ئه‌نجام ده‌درێن".
به‌گوێره‌ی بڕیارنامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی" كه به ژماره "8113" ده‌ركراوه و واژووی رێكه‌وت حه‌مه ره‌شید، وه‌زیری تهنردووستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ره، ئه‌و بڕیارنامه‌یه له‌پێناو رێكخستنی كار و ده‌وامی پزیشكانی پسپۆر له‌بواری له‌دایكبوون و ئافره‌تان ده‌ركراوه و، ناكرێت هیچ پزیشكێك دوو نۆڕینگه‌ی تایبه‌تی هه‌بێت، هه‌روه‌ها نابێت پزیشكی پسپۆر له بواری ئافره‌تان و له‌دایكبوون پشكنینی "سۆنار" له نۆڕینگه‌ی تایبه‌تی خۆی بكات.
له یه‌كێك له بڕگه‌كانی ئه‌و بڕیارنامه‌یه‌دا هاتووه، "ئه‌نجامدانی هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك بۆ له‌باربردنی كۆرپه‌له و دوورینه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنی به‌بێ سه‌رپه‌رشتی لێژنه‌ی تایبه‌ت قه‌ده‌غه‌یه".
سه‌باره‌ت به‌م بڕگه‌یه‌ی بڕیارنامهكهش، خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "به‌گوێره‌ی لێژنه‌ی فتوا له هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به له‌باربردنی كۆرپه‌له و چاككردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی كچێنی، هیچ پزیشكێك بۆی نییه ئه‌و كاره بكات، ته‌نیا دوای رێگه‌پێدان نه‌بێت، كه ده‌بێت فتوا له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌كه بدرێت".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "له هه‌موو شارێك له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان لێژنه‌ی تایبه‌ت و شاره‌زا له‌م بواره‌دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ستنیشان كراون".
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی بڕیارنامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستییه:
H.B