پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق زیاد ده‌كرێت

رێژه‌كه‌شی دیاریكرا

K24- هه‌ولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌كی په‌رله‌مانی ئاشكرايكرد, حكوومه‌تی به‌غدا رازی بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق زیاد بكات و رێژه‌كه‌شی دیاریكردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی كورد، كه‌ نه‌یویست ئاماژه‌ به‌ناوی بكرێت، به‌ سایتی "بغداد الیوم"ـی راگه‌یاندووه‌، "لێژنه‌ی هاوبه‌شی حكوومه‌ت كه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق پێكهێندراوه‌، رازی بووه‌ له‌سه‌ر زیادكردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ئه‌و سایته‌ عێراقییه‌ی ئاشكراكردووه‌، "رێككه‌وتن له‌سه‌ر زیادكردنی پشكی هه‌رێم بۆ له‌ 14% له‌ بودجه‌ی گشتی ساڵی 2019ی عێراق كراوه‌، كه‌ له‌ ساڵی رابردوو ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ 12.67% بوو"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "ئه‌و ره‌زامه‌ندییه‌ی حكوومه‌تی عێراق بۆ رازیكردنی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانه‌".

ئاشكراشیكرد، "پێشنیازی زیادكردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق له‌لایه‌ن فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارایی عێراقه‌وه‌ بووه‌ و لێژنه‌ی هاوبه‌شی حكوومیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه‌".

له‌ ره‌شنووسی پڕۆه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی، پێویستی عێراق بۆ ساڵی 2019 به‌ 105 ترلیۆن و 569 ملیار و 676 ملیۆن و 870 هه‌زار دیناری عێراقی خه‌مڵێندراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ دیاریكردنی رێژه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌ 3 ملیۆن و 880 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌.

له‌كاتێكیشدا خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان بۆ ساڵی 2019 به‌ 128 ترلیۆن و 443 ملیار و 52 ملیۆن و 427 هه‌زار دینار خه‌مڵێندراوه‌، كورتهێنانیش به‌ 22 ترلیۆن و 873 ملیار و 365 ملیۆن و 557 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌، به‌و ئامانجه‌ی بتوانرێت له‌ڕێگه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، یانیش زیادكردنی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌ و هه‌روه‌ها قه‌رزه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، ئه‌و كورتهێنانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

دوای خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ ره‌شنووسه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی پیشوو ئاماده‌ كرابوو، رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌گه‌لێكی كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مان بووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پاساوی دیاریكردنی رێژه‌یه‌كی كه‌م بۆ شایسته‌ی پارێزگاكان، له‌كاتێكدا هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاساكه‌یان كرد، به‌و پێیه‌ی له‌گه‌ڵ خواستی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان وڵات بگونجێت.

H.B