به‌غدا هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی ئەفسەره‌ كورده‌كانی پۆلیسی كه‌ركووك ده‌دات

نووسراوێک ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک دەکات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/33c57024-a8f0-4ac9-90eb-3f3e03bb9081/022318AKA.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوێک ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک دەکات بۆ دوورخستنەوەی ژمارەیەک ئەفسەر و فەرماندەی کورد لە ریزی ھێزەکانی پۆلیس.

حکوومەتی حه‌یده‌ر عەبادی, ھەرجارە و بەبیانووێك دەستێوەردان لە جومگە ئیداريیەکانی  کەرکووک ده‌كات, بۆ لابردن و دەرکردنی فەرمانبەران و بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی کوردی شارەکە.

لە دوایين ھەوڵیشدا وەزارەتی ناوخۆ نوسراوێک ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک دەکات بۆ دوورخستنەوەی 46 ئەفسەر و سەرۆک بەش و فەرماندەی کورد لە رێزی ھێزەکانی پۆلیس.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نۆێنەرانی عێراقیش لە کەرکوکەوە بە کوردستان 24ی راگەیاند, سەرۆک کۆماری عێراق بە پێی دەسەڵاتە دەستوریەکانی ئەو بریارەی راگرتووە.

وەزارەتەکانی عێراق بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکار و حکوومەتی خۆجێيی کەرکووک لە پاش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر چەندین بڕیاریان دژ بە کورد لە شارەکە دەرکردووە و ئەمەش بە پێشێلکردنی یاسا و دەستوور ھەژمار دەکرێت.

لە ماوەی 4 مانگی داگیرکردنی شاری کەرکووک, 25 بەرپرسی ئیداری و ئەمنی کوردی ئەو شارە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەمەش جیا لە بڕیاری ھێنانەوەی عەرەبە ھاوردەکان و تێکدانی دۆخی ئەمنی کە لە زیانی کوردن.

 

ا. م