ئاسایشی گەرمیان بارەگایەكی نزیك لە پەكەكەی داخست

"چوونەتە سەریان بە زەبری هێز و گرتن و لێدان پێیان داخستوون"

K24 - ھەولێر

شەوی رابردوو ئاسایشی گەرمیان بارەگای "ئەكادیمیای شەھید گیڤارا گەرمیانی لە كەلار داخست"، كە ئەو ئەكادیمیایە چالاكی رۆشنبیری دەكرد و سەرپەرشتیارانی  نزیك بوون لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).

ئاژانسی ھەواڵی رۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە رایگەیاند: "شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایش چوونە سەر ئەکادیمیای شەهید گیڤارا گەرمیانی و بە زەبری هێز دایانخست و 9 ئەندامی ئەکادیمیاکەشیان دەستگیر کرد كە لەنێویاندا ژنیش ھەن".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "دوێنێ ئاسایشی گەرمیان بە ئەندامانی ئەکادیمیاکەیان وتووە، سبەی سەردانی ئاسایش بکەن، بەڵام شەو لەناکاودا چوونەتە سەریان بە زەبری هێز و گرتن و لێدان پێیان داخستوون".

ئاماژە بەوەشكراوە: "ئەکادیمیای شەهید گیڤارا گەرمیانی، ئەکادیمیایەکی رۆشنبیری و پەروەردەیی و مێژوویە و ماوەی چوار ساڵە لە شارەدێی رزگاری سەربە شارۆچکەی کەلار دامەزراوە و کاری رۆشنبیری و پەروەردەیی دەکات".

پێشتر ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان چەند بارەگایەكی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیان داخست، بەرپرسانی تەڤگەری ئازادیش ئەوەیان خستەڕوو "داخستنی بارەگاكانمان بە بڕیارێكی سیاسییە بۆ رازیكردنی توركیا و كردنەوەی گەشتەكانی نێوان سلێمانی- توركیایە".