به‌رهه‌م ساڵح ده‌بێته بابه‌تی "نوكته و ته‌نز"ـی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
K24 - هه‌ولێر:
گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووه بابه‌تی گه‌رمی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چالاكوانان ره‌خنه‌ی زۆریان له گه‌ڕانه‌وه‌ی گرتووه‌و ژماره‌یه‌ك نوكته‌یشیان له‌سه‌ر كردووه‌و ڤیدیۆی قسه‌كانی رابردووی به فراوانی بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه ده‌یگووت: "ده‌بێت مرۆڤ سیاسه‌ت به حورمه‌ته‌وه بكات".
جگه له "هاودیده‌كانی پێشووی به‌رهه‌م ساڵح، خه‌ڵكی ئاسایی به ته‌نزه‌وه باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌كه‌ن كه له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 19/9/2018ـی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به 26 ده‌نگ كرایه كاندیدی حزبه‌كه بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق.
گه‌شه دارا په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی و ئه‌ندامی باڵای هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌رپه‌وه‌ری له فه‌یسبووكه‌وه نوسیبووی: "سه‌رۆك كۆمار! شه‌رته ژماره‌كه‌شت بسڕمه‌وه".
هه‌روه‌ها سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی ده‌قی نامه‌ی وازھێنانی به‌رهه‌م ساڵحی له فه‌یسبووكه‌كه‌یه‌وه بڵاوكردبووه‌و له‌سه‌ره‌وه نووسیبووی "شه‌رمه‌زارنامه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ هاوپه‌یمانی".
به‌ڵام چالاكوانان و خه‌ڵكی ئاسایی زیاتر به ته‌نزه‌وه ره‌خنه‌یان له گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌گرت و به‌شێكی زۆریان له ئه‌كاونته‌كانی فه‌یسبووكه‌وه نوسیبوویان: "موبه‌ریده‌ت داناوه یان حزب، وا هاوین داتنا و پاییز لاتدا!".
هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه قسه‌یه‌كی پێشووی به‌رهه‌م ساڵحیان بیرده‌ھێنایه‌وه كه به‌رده‌وام ده‌یگووت "كردار شه‌رته" و وه‌ك ره‌خنه‌یه‌ك له به‌رهه‌م ساڵح و پابه‌ندنه‌بوونی به قسه‌كانی رابردووی، له سه‌دان ئه‌كاونتی فه‌یسبووكی چالاكوانانه‌وه نووسرا "كڕیار شه‌رته، درهه‌م شه‌رته".
هه‌ندێكی دیكه‌ش ره‌خنه‌یان لێگرتووه كه بۆ كورسی سه‌رۆككۆمار هاودیده‌كان و هاوپه‌یمانی جێهێشتووه، له كاتێكدا پێشتر له كه‌ناڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه "خه‌ندان" به ئاشكرا گوتبووی: "سیاسه‌ت به فێڵ ناكرێت و رۆژان رۆژی له دوایه، مرۆڤ ده‌بێت به حورمه‌ته‌وه سیاسه‌ت بكات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێمه‌وه ناو یه‌كێتی".
به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له زاری گوته‌بێژه‌كه‌یه‌وه رایگه‌یاندووه كاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌بێت، به‌شێكی ئه‌و چالاكوانانه‌ی پارتین یان له پارتییه‌وه نزیكن له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه "به‌رهه‌م ساڵح ناتوانێت پۆسته‌كه وه‌ربگرێت و به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌شی كردی و گه‌ڕایه‌وه ناو یه‌كێتی، ده‌گاته ئاستێك ده‌بێت ده‌ست له سیاسه‌ت هه‌ڵبگرێت و له مه‌یدانه‌كه دووركه‌وێته‌وه".
به‌ڵام سلێمان عه‌بدوڵڵا یونس كه به‌رپرسێكی میدیاكانی هاوپه‌یمانی و به‌رهه‌م ساڵح بووه، بڕیاری به‌ربژێركردنی به‌رهه‌م ساڵح له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی به‌بڕیارێكی گه‌وره و ژیرانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ماڵه "گه‌وره‌كه"ـی یه‌كێتی و كوردستان و عێراق له قه‌ڵه‌مداوه.
هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌رهه‌م ساڵح به "بێ به‌رهه‌م" ناوده‌به‌ن و هه‌ندێكیش ده‌نووسن "كڕیار شه‌رته" به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه رووداوه‌كانی رۆژانی داهاتووه به‌تایبه‌تی تا 25/9/2018 كه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ دیاریكردنی سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌ستنیشانی كردووه، ئایا به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت پۆسته‌كه وه‌ربگرێت، یان كێشه‌یه‌كی دیكه به‌رۆكی یه‌كێتی و كاندیده‌كه‌یان ده‌گرێت.
چونكه جگه له پارتی دیموكراتی كوردستان كه رایگه‌یاندووه كاندیدی بۆ ئه‌و پۆسته ده‌بێت، ئه‌مڕۆ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به كوردستان 24 راگه‌یاند: "یه‌كێتی جگه له كاندیده فه‌رمییه‌كه‌ی كه به‌رهه‌م ساڵحه، كاندیدی نافه‌رمیشی هه‌یه كه له‌تیف ره‌شید"ـه و گوتوویه‌تی ده‌نگ بهێنم یان نا خۆم بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه كاندید ده‌كه‌م".
به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌تیف ره‌شید له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ته‌نها یه‌ك ده‌نگی به‌ده‌ستھێناوه‌و هاوسه‌ری شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده كه پێشتر نه‌یارێتییان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح گه‌یشته ئاستی جیابوونه‌وه، پێده‌چێت به ئاراسته‌ی درووستكردنی له‌مپه‌رێكی دیكه بۆ به‌رهه‌م ساڵح و قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێك بۆ كاندیده‌كه‌ی خۆیان، له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌نگاو بنێن.