ئارێز عەبدوڵڵا: ئەوانەی تۆمەتیان بۆ دروستكردم بە جاشایەتی ناسراون

دوو پەرلەمانتار بۆ لەكەداركردنی ناوی من ئەو تۆمەتەیان ھەڵبەستووە

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد "ئەو تۆمەتەی خرابووە پاڵم، كە گوایە بڕوانامەم نییە، لە دادگای رەسافە لە بەغدا یەكلایی كراوەتەوە، ئەو كەسانەی ئەو تۆمەتەیان بۆ دروستكردوم ناسراون بە لەكەداری و جاشایەتی، ئەگەر واز نەھێنن لە راگەیاندنەكان ناویان ئاشكرا دەكەم".

ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "ھەوڵێك ھەبوو بۆ ئەوەی كۆسپ بخرێتە بەردەم ئیش و كارەكانم و ناوم لەكەدار بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بووم بە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەو ھەوڵانە دژی من لەلایەن كەسانێكەوە بوون كە ناسراون بە لەكەداری و ساختەچیەتی و جاشایەتی".

گوتیشی: "من پێشتر ئەو كەسانەم لە رێگەی جیاجیا ئاگاداركردەوە، كە كاری لەم جۆرە تەنیا خزمەت بە ناحەزانی میللەتەكەمان و فراكسیۆنەكەمان دەكات، بەڵام بەداخەوە كارەكە كرا، ھەر زووش روونكردنەوەمداوە كە ئەمە تۆمەتێكی ھەڵبەستراوەو دادگا یەكلایی دەكاتەوە".

ئارێز عەبدوڵڵا، روونیكردەوە: "لە دادگای رەسافە لە بەغدا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە كراو دەركەوت كە تۆمەتەكە ھەڵبەستراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەوكاتەی ئەو تۆمەتە خرایە پاڵم، بڕوانامەی من لە پەروەردەی ھەولێرە، بە ھیچ شێوەیەك نووسراو ئاراستەی پەروەردەی ھەولێر نەكراوە وەك بە دواچوون بۆ تۆمەتەكە، ھەروەھا لەو رۆژەی من چوومە بەردەم دادگا ئەو رۆژە كەناڵە عێراقییەكان بە ھەرسێ زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و كوردی، ھەواڵەكەیان بڵاوكردەوە، ھەڵبەستنی ئەو تۆمەتە بۆ لەكەداركردنی من بەرنامە بۆ دارێژراو بوو".

ئاشكراشی كرد: "دوو كەس لە دوو فراكسیۆنی جیاوازی كوردستانی ئەو تۆمەتەیان بۆ من دروستكردبوو، لە سەردەمی بەعس دەستگیركراوم، بەڵام ئازارم نەچێشت، چونكە دەمزانی ئەو رژێمە دژی گەلی كوردە و میللەتەكەم سەركوت دەكات، بەداخەوە ئێستا جارێكی دیكە پەنا دەبرێتەبەر دامودەزگاكانی دەوڵەت، دەیانەوێت دامودەزگاكانی عێراقیش چەواشە بكەن، ئەوە سەرەتاییەكی زۆر مەترسیدارە، ھیوادارم لێرەوە كۆتایی پێبێت، ئەگەر ئەو كەسانەش واز لەو رەفتارانە بێنن گەردەنیان ئازابێ، بەڵام ئەگەر واز نەھێنن لە راگەیاندنەكان ناویان ئاشكرا دەكەم و لە دادگاش سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەم".

داڕشتنەوە: ھ.م