پەرلەمانتارێكی كورد لەنێو پەرلەمانی ئێران بەرگری لە عەفرین دەكات

"حكومەتی حەسەن روحانی و مۆسكۆ بەشێكن لە بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/885dd192-e963-4b5c-bad9-87a0f05f9611/mahabad.ism/manifest

K24 - ھەولێر

جەلال مەحموود زادە، نوێنەری مەھاباد لە پەرلەمانی ئێران، لەنێو پەرلەمانی ئێران بەرگری لە خەڵكی عەفرین دەكات و رایدەگەیەنێت، حەسەن روحانی و مۆسكۆ بەشێكن لە بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و قڕكردنی گەلی كورد لە عەفرین، بەڵام دیكتاتۆرەكان باش بزانن ھیچ دەوڵەتێك ناتوانێ چۆك بە گەلی كورددا بدات.

جەلال مەحموود زادە، لە نێو پەرلەمانی ئێران گوتی: "لە ساڵانی رابردوودا سەدامی تاوانبار، زیاتر لە 2 ھەزار گوندی لە كوردستانی عێراق لەگەڵ خاك تەختكرد و زیاتر لە 180 ھەزار كەسی بێتاوانی ئەنفال و زیندەبەچاڵ كرد. حكومەتی فاشیستی توركیا زیاتر لە 20 ملیۆن كوردی ئەو وڵاتەی پەراوێز خستووە و بە توندترین ھەڵسوكەوتی دیكتاتۆری لەگەڵیان مامەڵە دەكات. زیاتر لە 50% كوردی سووریا لە ناسنامە بێبەش مابوونەوە كەمترین مافی یاساییان ھەبوو".

ئەو نوێنەرەی مەھاباد لە پەرلەمانی ئێران گوتیشی: "حكومەتی دیكتاتۆری پەھلەوی بە یارمەتی سۆڤیەتی پێشوو بزووتنەوەی كوردی لە ئێران سەركوت كرد و لە مھاباد قازی محەمەد، ئەو كەسایەتییە خەباتگێرە و ھاورێكانی لەسێدارەدا. ئێستا دوای ئەو ھەموو زوڵمەی لە مێژوودا دەوڵەتە فاشیست و دیكتاتۆرەكان بەرامبەر بە كورد ئەنجامیانداوە نۆبەی وەحشیگەری توركیا و كوشتاری ژنان و منداڵانی عەفرین و كوردستانی سووریاییە لەلایەن گرووپە جیھادیە توندڕەوەكانەوە بەیارمەتی دەوڵەتی فاشیستی توركیا لەبەر چاوی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتە زلھێزەكان".

ئێستا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بری ئەوەی سوپاسی كوڕ و كچانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی كورد بكات، بۆ رووبەڕوو بوونەوەیان لەبەرامبەر توندڕەوەكان لە عێراق و سووریا، بێدەنگە بەرامبەر بە ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین. حكومەتی روحانی و دەوڵەتی مۆسكۆش بەشێكن لەو وڵاتانەی كە بێدەنگیان ھەڵبژاردووە بەرامبەر ئەو پێشێلكاریانە، بەڵام دیكتاتۆرەكان باش بزانن ھیچ دەوڵەتێك ناتوانێ چۆك بە گەلی كورددا بدات".